ئەمریكا سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر مەكسیكدا هەڵوەشاندەوە

09/06/2019 - 10:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/گشتی

 


سەرۆكی ئەمریكا سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر كەلوپەلە ھاوردەكراوەكانی مەكسیكدا ھەڵوەشاندەوەو ئەوەش دوای ئەوەهات هەردو وڵات لەبارەی كۆچبەرانەوە گەیشنە ڕێككەوتن.


لەدوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریكاو مەكسیك گرژیو ئاڵۆزیەكانی نێوان بەهۆی كۆچبەرانەوە ڕووی لە هەڵكشان كردو ئەمریكا چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، لەئەنجامدا ئەو دوو وڵاتە ڕێككەوتنامەیان واژۆ كرد لەسەر كۆچبەران و بەپێی رێككەوتنەكە سەرجەم ئەو كۆچبەرانەی كە لە مەكسیكەوە چوونەتە ئەمریكا و داوای مافی پەنابەرییەتییان كردووە، دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەكەیان.


لەسەر ئەو پرسە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: خۆشحاڵم بەوەی پێتان رابگەیەنم كە ئەمریكا و مەكسیك لەبارەی كۆچبەرانەوە گەیشتن بە رێككەوتنێك و لەبەر رێككەوتنەكە سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر كەلوپەلە ھاوردەكراوەكانی مەكسیكدا تا كاتێكی نادیار ھەڵدەوەشێننەوە .

 

لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وردەكاری لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بڵاوكردەوە و روونیكردووەتەوە كە بەپێی رێككەوتنەكە، مەكسیك رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر لەھەمبەر كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە مەكسیكەوە بەرەو ئەمریكا كۆچ دەكەن.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە كە ھەر بەپێی رێككەوتنەكە، سەرجەم ئەو كۆچبەرانەی كە لە مەكسیەوە چوونەتە ئەمریكا و داوای مافی پەنابەرییەتییان كردووە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەكەیان.

 

 

 

س ب