ئەوەی لەبارەی نەخۆشی قۆڵۆن نایزانی

10/05/2016 - 07:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

نە‌خۆشی قۆڵۆن كێشەیەكی كردارەكییە واتە (ئە‌ندامی) نییە‌، ئە‌و كەسەی تووشی دە‌بێت ئازاری سك و قە‌بزی یا ‌رەوانی و هەروە‌ها هەڵئاوسانی سكیشی لە‌گەڵدایە، دە‌توانین بڵێین زۆربەی ئە‌و نە‌خۆشانەی كە‌ بە‌هۆی بوونی نیشانەی نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەرسەوە سەردانی پزیشك دەكەن ئەم حاڵەتەیان هەیە.
بەشێوەیەكی سەرەكی ئەم نەخۆشیە كاردەكاتە سەر رەوتی ژیانی رۆژانەی نەخۆشەكە، ئەگەری تووشبوونیشی لە پیاواندا كەمترە وەك لە ئافرەتان.

هۆكارەكانی تووشبوون :
هۆكاری تووشبون بەم نەخۆشیە زۆربەی كات پەیوەندی بەباری سایكۆلۆژیای نەخۆشەوە هەیە، گۆڕانی جوڵەی كۆئەندامی هەرس و هەروەها جۆری خواردن وەك گەنم و بەربوومی دانەوێڵە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی (50%)ی هۆكاری تووشبون بەم نەخۆشیە پەیوەندی بە باری دەرونی ئەو كەسەوە هەیە وەك دڵەراوكێ و خەمۆكی و هەندێ دۆخی تر.

نیشانەكانی :
یەكەم : زۆربەی ئەم نەخۆشانە ئازاری (پێچی سك) یان هەیە، لە بەشی خوارەوەی سك، كە لەدوای پیسایی كردن ئازارەكە لا دەچێ.
دووەم : هەستكردن بە هەڵئاوسانی سك.
سێیەم : زۆربەی نەخۆشەكان یان قەبزن یاخود سكیان دەچێ، هەندێ جاریش هەردووكیان، بەڵام بەشێوەیەكی سەرەكی یەكێكیان، ئەوانەی قەبزن پیسایی كەم دەكەن و ئازاری سك و كۆمی لەگەڵدایە، ئەوانەشی سكیان دەچێت زوو زوو دادەنیشن، بەڵام قەبارەی پیساییان كەمە.‌
چوارەم : بەشێكی زۆریان هەوكردنیان هەیە لەگەڵ پیساییەكەدا، بەڵام بەهیچ شێوەیەك خوێن لەگەڵ پیساییەكەدا نییە.

چارەسەر :
پێویستە بەدەركەوتنی ئەم نیشانانە ئەو كەسە سەردانی پزیشك بكات بۆ دڵنیابوون لە توشبوون بەم حاڵەتەو بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری ئەم نەخۆشیە پێویستە دوور بكەوێتەوە لە ناجێگیری باری دەرونی، كە هۆكارێكی گرنگی چارەسەری توشبوون بەم نەخۆشیەیە.

 

ئـ . كـ