تەكنیكێكی نوێی چارەسەری شێرپەنجەی گەدە بەكاردەهێندرێت

07/07/2019 - 08:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

نەخۆشخانەیەكی فەرەنسا تەكنیكێكی نوێ بەكاردەهێنێت بۆ چارەسەری شێرپەنجەی گەدە، ئەم تەكنیكە لە چارەسەری كیمیایی باشترەو هیوایەكی نوێ دەبەخشێتە توشبووەكان.

پزیشكەكانی نەخۆشخانەی (جۆرج – فرانسوا لوكلێر) ی شاری دیژۆنی خۆرهەڵاتی فەرەنسا كە یەكێكە لەو حەوت نەخۆشخانەیەی چارەسەركردنی كیمیایی تێدا بە كاردەهێنرێت، ڕێگەیەكی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەركردنی توشبووانی شێرپەنجەی گەدەو كۆئەندامی هەرس.

تەكنیكە نوێیەكەش بریتییە لەپەمپی پەستێنراو بە هەواو ناوی (بیپاك) ی لێنراوەو ئاڕاستەی ڕوپۆشی ناوەوەی سك دەكرێت، ئەم تەكنیكە لە ساڵی (2013) دا لەئەڵمانیا گەشەی پێدراوەو بەجۆرێك یارمەتی نەخۆش دەدات كە هیوایەكی نوێیان دەداتی.

شێوازی بەكارهێنانی تەكنیكەكەش ئەوەیە كە چارەسەرە كیمیاییەكە ناكرێتە ناو هەموو دەمارەكانەوە، بەڵكو لەبری ئەوە نەخۆشەكە بێهۆشدەكرێت و لە ڕێگەی ئامێرێكی بینینەوە شوێنی نەخۆشییەكە دیاردەكرێت و دواتر كونێكی بچووك دەكرێتە دیواری سكی نەخۆشەكەو لە ڕێگەی ئەو پەمپەوە دەرمانە كیمیاییەكە دەكرێتە سەر شوێنی نەخۆشییەكە.