ئایە كە منداڵ لە دایك بوو كەی بشۆرێت باشە ؟؟

21/07/2019 - 11:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

هەرچەندە هەر نەخۆشخانەو ڕێنمایی تایبەت بە خۆی هەیە سەبارەت بەو بابەتەو هەندێ نەخۆشخانە یەكسەر دوای لە دایك بوون منداڵەكە ئەشۆرن، بەڵام بەپێی زانست باش نیە یەكسەر دوای لە دایك بوون منداڵ بشۆرێت لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

1. منداڵ كە لە دایك دەبێت ماددەیەكی سپی بە پێستیەوەیەتی پێی دەڵێن (ڤێرنیكس) كە ئەم ماددەیە سوودی زۆرە لەوانە سیستەمی بەرگری لەش زیاد دەكات، پێست بە نەرمی دەهێڵێتەوە، هەروەها ناهێڵێت گەرمی لەشی منداڵەكە بە فیڕۆ بڕوات. 

2. پێویستە منداڵەكە لەدایكیەوە نزیك بێت لە سەرەتای لە دایك بووندا بۆ ئەوەی لە شیرخواردن و بۆنی دایك و دەنگی دایك بێ بەش نەبێت بەهۆی شۆردن. 

3. شۆردن دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەشی منداڵەكە بۆیە باشترین شوێن سنگی دایكی منداڵەكەیە بۆ ئەوەی پلەی گەرمی بە جێگیری بمێنێتەوە. 

4. زوو شۆردن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەكانی قەلەقی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و نزم بوونەوەی شەكری خوێن. 

5. پێویستە شۆردنەكە دایك یان باوكی منداڵەكە ئەنجامی بدات لەبەر ئەوەی منداڵەكە هەست بە ئاسایش دەكات بە ئامادەبوونی ئەوان لە كاتی شۆردنەكە، بۆیە باشترە شۆردنی منداڵەكە بۆ چەند كاتژمێرێك یان ڕۆژێك دواتر بكرێت، وە پێویستە بە ئاوێك بشۆرێت نابێت سارد بێت، وە نابێت زۆر گەرم بێت كە زیان بە منداڵەكە بگەیەنێت، پێویستە یەكەمجار ئاوە ساردەكە بكەیتەوەو دواتر بە ئاوە گەرمەكە تێكەڵی بكەیت، وە دڵنیا بیت بە تێكەڵ بوونی تەواوی ئاوەكەو تاقی بكەیتەوە بەدەستی خۆت و دڵنیابوون لە گونجانی ئاوەكە ئینجا بەكاری بهێنیت.

6. نابێ ژووری حەمامەكە سارد بێت و دەبێت دەرگاو پەنجەرەكە دابخرێت، چونكە تازە لەدایك بوو بە ئاسانی گەرمی لە دەست دەدات. 

7. نابێ شۆردنی مانگی سەرەتا بە تایبەتی شۆردنی یەكەمجار لە (5 – 10) دەقیقە زیاتر بخایەنێت. 

8. لە هەفتەی یەكەمدا باشترە تەنها ئاو بەكاربهێنین یان باشترە كەمێك لە شامپۆیەكی تایبەت كە پێی دەڵێن، ئیمۆلیەنت بكەینە ناو ئاوەكە بۆئەوەی پێستی ووشك نەبێتەوە. 

9. ئەگەر ناوكەكەی فڕێ نەدابوو پێویستەجوان ووشكی بكەینەوە دوای حەمام كردن.

10. لە هەفتەكانی سەرەتای تەمەنیدا پێویستە هەفتەی (2 – 3) جار بشۆرێت نەك هەموو ڕۆژێك، چونكە دەبێتە هۆی ووشك بوونەوەی پێست.

(د. پشدەر عەبدولڵا ئیسماعیل – پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان)