تۆخبوونەوەی‌ رەنگی‌ میز، هۆكارەكان بزانە

01/08/2019 - 11:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

رەنگی‌ میز بەشێوەیەكی‌ ئاسایی‌ زەردێكی‌ رووناكە، زۆر كات میز رەنگەكەی تۆخ دەبێتەوەو ئەمەش زۆركات بۆ خواردنەوەی‌ بڕێكی‌ كەم ئاو دەگەڕێتەوە یان بەكارهێنانی‌ دەرمانی‌ هەوكردن بەهەمان شێوە هۆكارێكە.

هەندێك لەو هۆكارانەی‌ كە دەبنە هۆی‌ تۆخبوونەوەی‌ رەنگی‌ میز بریتین لەمانەی خوارەوە:

1. وشكبوونەوە، ئەگەر راهێنان زۆر بكەیت، یان كاركردن لەشوێنی‌ گەرم و بەكارنەهێنانی‌ ئاوی‌ پێویست، ئەوە هۆكارێكە بۆ گۆڕینی‌ رەنگی‌ میز، لەهەمان كاتدا ئەگەر هەستت بە وشكبونەوەی‌ دەمت كردو لیكە رژێنەكان كەمبونەوە، ئەوە نیشانەیەكی‌ دیارە بۆ وشكبونەوەی‌ لەش. 

2. خۆراك، هەندێك خۆراك هەیە دەبنەهۆی‌ تۆخبوونەوەی‌ رەنگی‌ میز، بەنموونە ئەو خۆراكانەی‌ كە رەنگێكی‌ تۆخیان هەیە.

3. بەردی‌ زراو، كیسەی‌ زراو پێكدێت لەشلەیەكی‌ رەنگ سەوز، لەچەند حاڵەتێكدا بەرد لەناو ئەم كیسەی‌ زراوەدا دروست دەبێت زۆركات بەهۆی‌ رێگریكردن لەرۆیشتنی‌ دەردراوی‌ زراو یان بەرزبوونەوەی‌ كۆلیسترۆڵ یان زیادبوونی‌ بلورین لەزراودا روو دەدات، ئەم هۆكارانە وا دەكەن رەنگی‌ میز تۆختر دەربكەوێت لەشێوە ئاساییەكەی‌ خۆی‌. 

4. نەخۆشییەكانی‌ جگەر، یەكێك لەنیشانە باوەكانی‌ گرفتی‌ جگەر وەك هەوكردنی‌ جگەر، شێرپەنجەی‌ جگەرو نەخۆشییەكانی‌ دیكە، وەك زەردوویی‌ كە دەبێتەهۆی‌ گۆڕینی‌ رەنگی‌ پێست و سپێنەی‌ چاوەكان و بەهەمانشێوە كار لەرەنگی‌ میز دەكات و دەبێتە هۆی‌ تۆخبونەوەی‌ رەنگی‌ میز. 

5. بەكارهێنانی‌ دەرمان یان بەهێزكەر، دەرمان و بەهێزكەرەكان ئەگەر رۆژانە بەكار بهێنرێت، بەهەمانشێوە كاردەكات لەسەر گۆڕینی‌ رەنگی‌ میز بەتایبەتی‌ رەنگی‌ میز كاتێك تۆخ دەبێت كە چەند خولەكێك پێش میزكردن دەرمانەكەت بەكار هێنابێت.

(د. سیروان حەمە شەریف قەرەداغی – پسپۆری نەشتەرگەری گشتی)