شیرپێدانی دایك بۆ كۆرپەلەكەی ئەم سوودە گرنگەی هەیە

07/08/2019 - 09:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

شیرپێدانی سروشتی یەكێكە لە گرنگترین ڕێكارەكان بۆ باشكردنی تەندروستی و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگە، هاوكات پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە شیری پوخت بدرێتە ساوا بۆ ئەوەی تەندروست باشبێت و شیری پوختیش بەو شیرە دەوترێت كە دایك بەبێ هیچ زیادكردنێكی جۆرە خۆراك بۆ ماوەی شەش مانگ بداتە ساواكەی.

بۆ زیاتر هاندانی دایكان تاشیری خۆیان بدەنە كۆرپەكانیان، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی سەرەتای هەموو هەفتەیەكی مانگی ئابی بە هەفتەی هۆشیاری و هاندانی دایكان بۆ شیری سروشتی تەرخان كردووە، پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە دایكان شیری خۆیان بدەنە كۆرپەكانیان و چەندین توێژینەوەیان لەسەر سوودەكانی شیرپێدان كردووە.

دكتۆرە ناسكە عەبدولقادر دزەیی پسپۆڕ تەندروستی كۆمەڵ و بەرپرسی بەشی خۆراك لە بەڕێوەبەرایەتی كاروباری پاراستنی تەندروستی ڕوونی كردەوە كە ئەوان هەڵمەتێكی هۆشیاریان دەست پێكردووە بۆ ئەوەی هانی دایكان بدەن شیری خۆیان بدەنە ساواكانیان بۆئەوەی نەوەیەكی تەندروست باش لەكۆمەڵگە پەروەردە بكرێت.

(د. ناسكە دزەیی) ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لەكاتی شەش مانگی سەرەتای ساوا هیچ جۆرە خۆراكێك و دەرمانێك نەدرێت پێی، تەنها بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست دەتواندرێت شروبی پێبدرێت ئەوەش بەڕواێژی پزیشك، دواتر لە دوای شەش مانگ شیرپێدانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ زیادكردنی هەندێك خۆراكە تەواوكارەكان، بەمەش ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵی بەڕێژەی (19%) كەم دەكاتەوە.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ ساوا:

شیری دایك گونجاوترین پێكهاتەی خۆراكییە كەوا هەمیشە ئامادەیەو ئاسانە بۆ هەرسكردنی ساواكە، جگە لەوەش ئەم سوودانەی هەیە:

1. شیری دایك هەموو ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی تێدایە كە بۆ گەشەی ساوا پێویستن و بە بڕی پێویست بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەست دەكەوتنیشی ئاسانە. 

2. شیردانی پوخت پاڵپشتی لە سیستەمی بەرگری ساوادەكات، هەروەها لە گەشەی نموونەیی جەستەو ئەقڵی ساوا. 

3. ئەو منداڵانەی كە شیرپێدانی پوختیان پێدراوە بە ڕێژەی كەمتر تووشی سكچوون و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن، بە بەراورد بە منداڵانی تر. 

4. بەریەككەوتنی پێستی دایك و منداڵ یارمەتی دەدات بە گەرمی بمێنێتەوەو ڕێگری دەكات لە دابەزینی پلەی گەرمی لەشی ساوا. 

5. یارمەتی بەهێزكردنی پەیوەندی سۆزداری نێوان دایك و ساواكەی دەكات.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایك:

1. شیردانی سروشتی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی خوێن بەربوونی دوای منداڵبوون و تووشی بوونی دایك بە كەمخوێنی. 

2. یارمەتی دوواكەوتنی دووگیان بوون دەدات. 

3. دایك دەپارێزێت لە قەڵەوبوون، هەروەها گەڕانەوەی لەشی دایك بۆ باری سروشتی بەر لە دووگیان بوون. 

4. دایك دەپارێزێت لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ خانەوادە:

1. لەڕووی دارایی یارمەتی داهاتی خانەوادە دەدات، چونكە پێویست بەكڕینی ناكات.

2. یارمەتی كەمبوونەوەی توشبوون بە نەخۆشی دەدات، واتە كەمتر بە كڕینی دەرمان و چارەسەری. 

3. پەیوەندی خێزانی پتەودەكات.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ كۆمەڵگە:

1. شیردانی سروشتی یارمەتی گەشەكردنی نەوەیەكی تەندروست دەدات، لە سەرچاوەی مرۆیی بۆ كۆمەڵگە، هەروەها یارمەتی گەشەی ئابووری كۆمەڵگەش دەدات.

2. هاوڕێی ژینگەیەو هۆكار نییە بۆ پیسبوونی ژینگە.

زیانەكانی دواخستنی زوو پێنەدانی شیری دایك بە ساوا:

1. ئەگەر منداڵ لە ماوەی كاتژمێری یەكەمی لەدایكبوونیدا شیری دایكی وەرنەگرێت، ئەوا بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی ژەك كە زۆر بە سوودە بۆ ساوا، ژەك جۆرێكی تایبەتی شیری سروشتییە كە لە چەند رۆژی یەكەمی دوای لەدایك بوونی ساوا دروستدەبێت و شیرێكی خەستەو ڕەنگی زەردە پاش چەند ڕۆژێك ئەو ژەكە دەبێتە شیری سروشتی.

2. دواكەوتنی لە دەستكردن بە شیردانی سروشتی هەلی تووشبوون بە هەوكردنەكان و مردنی تازە لەدایك بووان زیاتر دەكات. 

3. دایك لە كاتژمێری یەكەمی منداڵبووندا بە ئاگایە، بۆیە لە توانایدا هەیە شیری خۆی بدات بە ساواكەی، پاشان تۆزێك بحەسێتەوەو دەربازی بێت لە ئازاری منداڵبوون.

4. منداڵ لە كاتژمێری یەكەمی لەدایك بوونیدا چاڵاكەو ئارەزووی شیرخواردن دەكات، بۆیە دواخستنی كرداری شیردان بە ساوا ئەم حەزەی لاكەمدەكاتەوەو ساوا بە مەمكی دایكییەوە نالكێت. 

5. دواكەوتن لە پێدانی شیری دایك ئەگەری دواكەوتنی وێڵاشی هەیەو خوێنبەربوونیش زیادبكات.

ئەو خۆراكانەی شیری دایك زیاد دەكەن:

1. شیری دایك تەنیا بە خواردنی باشی دایك زۆر دەكات و ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەش دۆخی دەروونی دایك لە سەر زۆرو كەمبوونی شیرەكەی گرنگی زۆری هەیە. ئەو خۆراكانەش دەتوانن شیری دایك زیاد بكەن:

2. میوەو سەوزە كاریگەری باشی هەیە بۆ ئەوەی شیری دایك زیاد بكات، هەربۆیە واباشە لە دوای نانخواردنی ئێواران زۆر میوەو سەوەزە بخورێت بۆ ئەوەی بۆشەو شیرێكی زۆر ئامادەبێت بۆ ساواكەت.

3. ئاوو دۆ: ئاو و دۆ لەو خواردنانەن كە زۆر بە خێرایی شیری دایك زۆر دەكەن و ئەوەش بە تایبەتی لە كاتی شەودا پێش خەوتن بێ گوومان دەبێ دایك چەند پەرداخ ئاو یان دۆ بخواتەوە.

4. لەگەڵ قازانجی زۆری ئەو خواردنە ساكارانە بۆ سەر شیری دایك خورادنی بەردەوامی گۆشتی ماسی، هێلكەو دانەوێڵەكان وەك نیسك و نۆك، برنج و پەتاتەش دەتوانێ شیری دایك زۆر بكات.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر