جگەر چەند كاری هەیە ؟؟ زانیاری‌ گرنگ بزانن

07/08/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

جگەر، گەورەترین ئەندامی‌ كۆئەندامی‌ هەرسەو دەكەوێتە لای‌ ڕاستی‌ سەرەوەی‌ ناوسك لەژێر ناوپەنچكداو لای‌ ڕاستی‌ مەعیدەوە، كێشەكەی‌ لە مێدا (1.3) كیلۆگرامەو لە نێردا (1.8) كیلۆگرامە.

كارە گرنگەكانی‌ جگەر چین ؟؟

جگەر زیاتر لە (500) كاری‌ هەیە، بەڵام هەرە گرنگەكانی‌ ئەمانەن:

1. دروستكردنی‌ زۆربەی‌ زۆری‌ پرۆتینە گرنكەكانی‌ بەدەن، وەكو ئەو پرۆتینانەی‌ كە بەرپرسن لەساڕێژكردنی‌ برین. 

2. دروستكردنی‌ ئەو پرۆتین و كۆلیسترۆڵانەی‌ چەوری‌ ناو خوێن دەگوازنەوە.

3. لابردنی‌ گلوكۆزی‌ (شەكری‌) زیاد لەپێویستی‌ ناو خوێن و گۆڕینی‌ بۆ گلایكۆجین و هەڵگرتنی‌ دوای‌ خواردن، كاتێك گلوكۆز لەخوێندا دادەبەزێت لەنێوان خواردنەكاندا، جگەر گلایكۆجینەكە دەگۆڕێتەوە بۆ گلوكۆز بۆئەوەی‌ شەكری‌ ناو خوێن هەمیشە جێگیربێت.

4. ڕێكخستنی‌ ڕێژەی‌ ترشەڵۆكە ئەمینیەكانی‌ ناوخوێن كە بەدەن بەكاریدێنێت بۆ دروستكردنی‌ پرۆتینەكان.

5. هەڵگرتنی‌ ئەو ئاسنەی‌ كە دروستدەبێت دوای‌ تێكشكانی‌ هیمۆگڵۆبینی‌ ناو خڕۆكەی‌ سوری‌ خوێن. 

6. گۆڕینی‌ مادەی‌ ئامۆنیای‌ زیانبەخش كە دروستدەبێت دوای‌ تێكشكانی‌ پرۆتینی‌ ناو بەدەن، بۆمادەی‌ یۆریا كە لەڕێگەی‌ میزەوە دەردەكرێتە دەرەوە.

7. فڕێدانی‌ ئەو مادە زیانبەخش و دەرمانانەی‌ ناوخوێن لە ڕێگەی‌ زەرداوەوە، ئەویش پێش یان پاشئەوەی‌ خانەكانی‌ جگەر بێهێزیان دەكات یان ئەیانكوژێت. 

8. دروستكردن و چاڵاككرنی‌ ئەو پرۆتینانەی‌ لێپرسراون لەمەیینی‌ خوێن كاتی‌ پێویست.

9. دروستكردن و ڕێكخستنی‌ ئەو پرۆتینانەی‌ كەپێویستن بۆ بەرگری‌ لەبەدەن دژی‌ میكرۆب و هەوكردن، هەروەها گرتن و دەركردنی‌ ئەو میكرۆب و بەكتیریایانەی‌ دەچنە ناو بەدەنەوە. 

10. هەرسكردنی‌ ئەو خواردنانەی‌ لەڕێگەی‌ ڕیخۆڵەكانەوە هەڵدەمژرێن.

11. دروستكردنی‌ زەرداو. 

12. هەڵگرتنی‌ ئەو ڤیتامینات و شتە گرنگانەی‌ بەدەن پێویستی‌ دەبێت.

13. دروستكرن و ڕێكخستن و لەكۆتاییدا تێكشاندنی‌ زۆربەی‌ زۆری‌ هۆرمۆنەكانی‌ ناو بەدەن، لەوانەیش هۆرمۆنەكانی‌ سێكس.

14. تێكشاندن و لابردنی‌ خڕۆكەسوورە كۆنەكانی‌ ناوخوێن و هیمۆگڵۆبینی‌ ناوخوێن كە بەشێكی‌ سەرەكی‌ زەرداوەو ڕەنگی‌ زەردی‌ زەرداو دروستدەكات.

(د. سیروان حەمە شەریف قەرەداغی – پسپۆری‌ نەشتەرگەری‌ گشتی)‌