خەتی رەشی ژێرچاو لەبەرچی دروست دەبێت ؟؟

08/08/2019 - 10:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

زۆركەس بەدەست ئەو خەرمانە رەشەی ژێرچاویانەوە دەناڵێنن تەنانەت منداڵانیش كە بریتییە لە رەشبوونی ژێرەوەی چاوەكان و رەنگی پێستی ئەو ناوچەیە جیاواز دیار دەكەوێت، ناوچەی ژێر چاوەكان رژێن و چەوری تێدا نییەو بریتییە لە پێستێكی زۆر تەنك، بۆیە باشترین شوێنە رەنگی خوێنی تێدا دیار بكەوێت.

تاریكبوونی رەنگەكەی نیشانەیەكە بۆ تێكچوونی رەنگی خوێن، واتە خوێنەكە پڕ بووە لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و ئەوەش زیادبوونی ئەو رەشییە لێك دەداتەوە كاتێك مرۆڤ قەبز دەبێت بەهۆی بوونی پاشماوەیەكی زۆری ژەهراوی لەناو خوێندا. بۆیە پڕبوونی خوێن لە ئۆكسجین باشترین رێگەیە بۆ نەهێشتنی و كەمكردنەوەی دەركەوتنی ئەو خەرمانە رەشەی ژێرچاوو باشترین خۆراكیش بۆ ئەو مەبەستە كە گازی ئۆكسجین زیاد دەكات بریتییە لەوانەی ڤیتامین سیان تێدایە وەك پرتەقاڵ و لیمۆو هیتریش. 

لە هۆكارەكانی دروستبوونی خەرمانەی رەشی دەوری چاو بریتییە لە:

1. بۆماوە كە ناتوانرێت چارەسەری بۆ بكرێت و تەنیا كاریگەری كەم دەكرێتەوە.

2. كەمخوێنی، بەهۆی كەمی ئاسن لە خوێن و كار دەكاتە سەر چاوەكان و دەورەیان رەش دەكات. 

3. خوراندن و دەستكاریكردنی بەردەوامی چاو كە تووشی وشكهەڵگەڕان و خورانی دەخات و خەرمانەی رەشی دەوری چاو دروست دەبێت. 

4. جگەرەكێشان و خوێ و سوێری خواردن، ئەوانە دەبنە هۆی قەتیسبوونی شلە لە لوولەكانی خوێن لە دەوری چاوو تووشی هەڵاوسان و دەركەوتنی خەرمانەی رەش دەكەن.

5. بێداری و نەنوستنی شەوانە، پێویستە هەموو كەسێك هەشت سەعات بخەوێت و خەوەكەی شەوانە بێت. 

6. تەمەن، لەگەڵ بەتەمەنداچوون رەشی دەوری چاو زیاد دەكات. 

7. ماندووبوون و شەكەتی. 

8. وشكهەڵگەڕان. 

9. بەركەوتنی تیشكی خۆر. 

10. دەرمان و بەركەوتنی مادەی كیمیایی. 

11. هەستەوەری زۆر خواردنەوەی چاو قاوەو خواردنەوەی گازی. 

دەركەوتنی پەڵە یان ناوچەی رەش لە دەوری یان لە ژێر چاو، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ ماندووبوون و شەكەتی چاوەكان، كاتێك كەمخەوی كاریگەرییەكانی بۆ سەر گەش دەركەوتنی رووخسارو دەموچاو دیار دەخات، بەڵام چۆن دروست دەبێت ؟؟ 

نەخەوتنی بۆ ماوەی پێویست كاریگەری بەسەر هەموو لەش دیار دەخات، بۆیە نەخەوتنی شەوانەو كاركردن تا سەعاتەكانی درەنگ و تا بەرەبەیان ناوچەی رەش و تۆخ لەژێر چاو دروست دەكات، لە هۆكارەكانیشی، سروشتی پێستی ژێر چاو كە رەنگە لەژێرچاودا تەنك بێت، هەروەها نەبوونی شانەی چەوری لەو ناوچەیە كە هەر گۆڕانكارییەك باش دیار دەكەوێت. 

لە هۆكاری تری كەمی ئۆكسجین كاتێك رەنگی خوێن تێرتر دەبێت لە ئاسایی و لوولەكانی خوێن بە شێوەی سێبەرێك لەژێر چاو دیار دەكەون، ئەوەیش بەهۆی كەمخەوییەوەیە كاتێك خوێن بڕێكی كەمتر لە ئۆكسجین لە رێگەی لوولەكانەوە بۆ ئەو ناوچەیە دەبات و بەوە رەنگی پێستەكە بۆ سوورێكی تاریك دەگۆڕێت.

هەروەها ماندووبوون و شەكەتی چاو بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ ئەو پەڵە دروست دەكات كاتێك خانە ماندووەكانی پێست بەشێك لە پێكهاتەی ئاویان ون دەكەن، ئەوەش وا دەكات لوولەكانی خوێن بۆ بەرانبەرەكەت دیار بێت.

ئەژین عەبدولڵا – هەولێر