ئەوانەی شەقیقەیان هەیە، ئەمانە بكەن

09/08/2019 - 10:01 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

شەقیقە: یەكێكە لەو نەخۆشییە باوانەی كە خەڵك گیرۆدەی بوون كە بریتییە لە سەرئێشەی درێژخایەن كە ناوبەناو سەر هەڵ دەدا بەزۆری یەك لای سەر دەگرێتەوەو دەبێتە هۆی ئازارێكی توندیان ڕەنگە دڵ تێكهەڵاتن و ڕشانەوەی لە گەڵدابێت.

چەند ڕێنماییەك بۆ كەمكردنەوەی نەخۆشییەكە:

وەك دەزانین هەندێ هۆكار كەوا دەكات زیاترو زۆرتر ئازاری سەرئێشەو شەقیقە تێیدا سەر هەڵبدات بۆ نموونە ڕووناكی زۆر بەهێز، یەكێكە لەو هۆكارانەی دەبێتە هۆی دروست بوونی سەرئێشەو یارمەتی سەر هەڵدانەوەی دەدات، بۆیە ئەو كەسانەی شەقیقەیان هەیەو ئازارەكەیان بۆدێت پێویستە ئاگاداربن كە لەماوەی پێش سەرئێشەكەدا چی كردووە كە هۆكاربووە بۆسەرهەڵدانەوەی وەك جۆری خواردن و ئەو چاڵاكی و كارانەی لەو ڕۆژەیا ئەنجامی داوە تا وابكات لەوە بەدوا دووبارەی نەكاتەوە.

پزیشكان پێیان وایە ئارەقكردنەوە لەكاتی وەرزشدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی دەردانی هۆرمۆنی سترێس (فشار) كە ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی سەرئێشە هەر بۆیە ئەوانەی كە شەقیقەیان هەیە پێویستە لایەنی كەم هەفتەی جار وەرزش بكەن، چونكە ئەمە وایان لێدەكات كەمتر سەر ئێشەیان تووش ببێت.

پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان ئەو هۆرمۆنانەی كە سوڕی خوێنی مانگانەی ژنان ڕێك دەخەن لەگەڵ سەرئێشەدا بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی كە شەقیقەیان هەیە یەكەم جار لەگەڵ دەسپێكی یەكەم سوڕی مانگانەیان دەست پێدەكەن، هەندێكی كەیان لەگەڵ سكپڕیدا سەر هەڵدەدا، دەریش كەوتووە بەشێكی ئەو ژنانەی شەقیقەیان لەگەڵە لەگەڵ وەستانی هەمیشەیی سوڕی مانگانەدا سەر ئێشەكەیان كەم دەكاو نامێنێ، جگە لەمانە ئەو هۆرمۆنانەی بۆ ڕێگری لە سكپڕی و منداڵبوون بەكاردێت كاریگەرییان هەیە لەسەر دروستكردنی سەرئێشە.

ئەو دەرمانانەی بۆ ئەم جۆرە سەرئێشەیە بەكاردێت ئەگەر لە هەفتەیەكدا یان بۆ سێ ڕۆژ بە بەردەوامی بەكاربهێنی وادەكا كە وردە وردە كاریگەری دەرمانەكە لەسەر كەمكردنەوە سەرئێشەكە كەمبێتەوە بەم هۆیەوە كاتێك دەرمانەكە بەكاردەهێنی بۆ ماوەیەكی كەمتر هەست بە ئارامی دەكەی و دواتر سەرئێشەكە دروست دەبێتەوە بۆیە پێویستە زیادەڕۆی نەكرێت لە بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە.

پزیشكان بۆیان دەركەوتووە ئەوانەی شەقیقەیان هەیە دەتوانن سوود لەبەكارهێنانی دەرمانی دژە خەمۆكی ببینن، چونكە ئەو دەرمانانە ڕێگری لە گۆڕانكارییە كیمیاییەكانی ناو مێشك دەكات و توشبون بە سەرئێشە كەم دەكەنەوە.

واباشترە كە ئەوانی شەقیقە یان سەرئێشەی بەردەوامیان هەیە خۆیان بە دوور بگرن لە خواردنی گۆشتی سوورو هۆت دۆگ كەماددەی نیتریتیان تێدایە هەروەها ئەو خۆراكانەی كە ڕەنگ و تامی دەستكردیان تێدایە دەبێتە هۆی زیادكردنی سەرئێشە.