ئەو كەسانە نابێت سركەی‌ سێو بەكار بهێنن

13/08/2019 - 10:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

سركەی سێو وەك یەكێك لە چارەسەرە سروشتیەكان ناسراوە كە لە دێر زەمانەوە بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی بەكارهێنراوە.
هەندێك لە سوودە گرنگەكانی سركەی سێو:
1. یارمەتی دابەزاندنی كێش و نەهێشتنی چەوری ورگ دەدات : پێویستە دوو كەوچكی چێشت لەگەڵ كوپێك ئاو تێكەڵ بكەیت و (20 – 30) خولەك پێش ژەمی نان خواردن بخۆرێتەوە، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت كێش دابەزێنێت بەڵكو بڕی خۆراك كەم بكرێتەوەو وەرزش زیاتر ئەنجام بدرێت.
2. یارمەتی دابەزینی ئاستی شەكر لە خوێن دەدات و ڕێژەی تووش بوون بە نەخۆشی شەكرە جۆری دووەم كەم دەكاتەوە، بەڵام باشترە لە نەخۆشی شەكرە جۆری یەكەم بەكارنەهێنرێت.
3. یارمەتی دابەزینی ئاستی كۆلیستڕۆڵ و بەرزی فشاری خوێن دەدات.
4. یارمەتی خۆپاراستن لە نەخۆشیەكانی دڵ دەدات.
5. یارمەتی خۆپاراستن لە هەوكردنی جومگەكان و سەوەفان دەدات.
6. ڕۆڵی هەیە لە كەم كردنەوەی و ڕێگری كردن لە كێشەی كەمخەوی و شەونخونی و تێكچوونی خەو لەو كەسانەی ئەم كێشانەیان هەیە.
7. كاریگەری هەیە لە نەهێشتنی هەوكردنی گورچیلەو میزەڵدان و پاك كردنەوەی كۆئەندامی میزو میزەڕۆ.
8. ڕۆڵی گرنگی هەیە لە نەهێشتنی بەكتریاو ڤایرۆسەكان لەناو لەشی مرۆڤدا.
9. یارمەتی چارەسەركردنی هەوكردنی قورگ دەدات بە مەرجێك یەك كەوچكی چێشت لەگەڵ یەك كەوچكی چێشت شیلەی هەنگوین و كوپێك ئاو تێكەڵ بكەیت و بۆماوەی (1 – 2) خولەك غەرغەرەی پێ بكرێت ڕۆژانە (2 – 3) جار.
10. یارمەتی چارەسەركردنی تێكچوونی گەدەو دڵە كزێ و سك چوون دەدات بەمەرجێك یەك كەوچكی چێشت لەگەڵ كوپێك ئاو تێكەڵ بكەیت و (20 – 30) خولەك پێش ژەمی نان خواردن بخۆرێتەوە.
11. بەكاردێت بۆ چارەكردنی شوێنی پێوەدانی مێشولەو مەگەزو دووپشك : بە خستنی یەك قەترە لە سركەی سێو لەسەر شوێنەكەو داپۆشینی بە لەزگەیەك.
12. یارەمەتی نەهێشنی بۆنی ناخۆشی ناودەم دەدات.
13. كاریگەری هەیە لە نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی یان خورو یا هەوكردنی پێیەكان : ئەویش بە دانانی پێیەكانت لەناو دەفرێكی ئاو لەگەڵ دوو كەوچكی چێشت لە سركەی سێو.
14. یارمەی چارەسەركردنی دەوالی قاچ دەدات لە ڕێگەی مەساج كردنی شوێنی دەوالییەكە بە گیراوەی یەك كەوچكی چێشت لەناو پەرداخێك ئاو بۆماوەی (3 – 5) خولەك ڕۆژانە (2 – 3) جار.
15. زۆر گرنگە بزانین سركەی سێو دەرمان نیەو شوێنی دەرمان ناگرێتەوەو نابێت زۆری لێ بخورێتەوەو پێویستە كاتی بەكارهێنانی تەخفیف بكرێت لە ڕێگەی تێكەڵ كردنی (1 – 2) كەوچكی چێشت لەناو پەرداخێك ئاو یان بكرێتە ناو زەڵاتە یان لە كاتی چێشت لێنان بەكار بێت.
16. ڕۆڵی هەیە لە بەهێز كردنی مووەكانی قژو كەمكردنەوەی قژی چەور.
17. ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی تەندروستی پێست و كەمكردنەوەی زیپكەو پەڵە و پاك كردنەوەی پێست، بەڵام نابێت ڕاستەوخۆ بخرێتە سەر پێست.
زیانەكانی زۆر خواردنی سركەی سێو :
1. كلۆربوونی ددان.
2. كەم بونەوەی چری ئێسك و نەرم بوونەوەی ئێسقان.
3. هەوكردنی قۆڵۆن و ژان و پێچی ناو سك و زیاتر بوونی نیشانەكانی تەهیجی قۆڵۆن.
4. سوتانەوەی سورێنجك و گەڕانەوەی خواردن لە گەددەوە بۆ سورێنچك.
5. مایەسیری.
6. حەساسیەت و سوربوونەوەی پێست.
7. سووتانەوەی ناو گەروو بە تایبەت لە منداڵاندا بە هەڵە بخورێتەوە.
8. گۆڕانی ڕەنگی پێست و ئەگەری تووش بوون بە هەندێ نەخۆشی پێست، بێگومان زانراوە كە سركەی سێوی سوودی نیە بۆ چارەسەركردنی زیپكەو عازەبە؛ بە پێچەوانەوە لەو حاڵەتانەدا چرچ و لۆچی دەم چاو زیاتر دەكات و كون لە پێستدا دروست دەكات، هەروەها باشر وایە بۆ نەهێشتنی كڕێشی قژ بەكار نەهێنرێت.
ئەو كەسانەی نابێت سركەی‌ سێو بەكار بهێنن :
1. ئەو نەخۆشانەی كە دەرمانی دیجۆكسین بەكار دێنن كە بۆ هەندێ جۆر نەخۆشی دڵ بەكاردێت.
2. ئەو نەخۆشانەی كە دەرمانی گروپی لازكس بەكار دێنن.
3. نەخۆشی شەكرە جۆری یەكەم.
4. ئافرەتی سكپڕو خانمانی شیردەر.
5. ئەو كەسانەی مایەسیریان هەیە.

(د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی)