بۆ چا خۆرەکان، سودە زۆرەکانی چا بزانن

07/09/2019 - 12:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی


بۆ ئەوانەی بەردەوام هۆگری خواردنەوەی چان، ئەزانن کە خواردنەوەی چا بێ شەکر هاوکاری جەستە دەکات و رێگری دەکات لە توشبون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و هاوکاری خانەکانی لەش دەکات لە خۆ نوێکردنەوە.


ئەنتۆنی کۆری پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جوگەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا دەڵێت: گەڵای چا دەوڵەمەندە بە مادەی دژە ئۆکسان کە بە (کاتیکین) ناسراوە و ئەم مادانە ئەگەری توشبون بە نەخۆشییەکانی پێست و شێرپەنجە و زەهایمەر و بارکنسۆن کەمدەکەنەوە هەوکردنێکیش لە جەستەدا ناهێڵێت.


سەرەڕای ئەوانە، بە گشتی چا چەند سودێکی هەیە و دیارترینیان پێنج سودە لەوانەش:

کەمکردنەوەی مەترسی توشبون بە شێرپەنجە

توێژەرەکان ئەوەیان ئاشکرا کردوە ئەو پێکهاتە و مادە دژە ئۆکسانانەی لە چادا هەیە پەیوەندیان هەیە بە کەمکردنەوەی مەترسیی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە.
بەوتەی پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی هارڤارد: خواردنەوەی چا سودێکی زۆری هەیە بۆ رێگریکردن لە توشبون بە شێرپەنجەی پێست و پرۆستات و سییەکان و مەمک، ئاماژەی بەوەکردوە خواردنەوەی چا تەنها هۆکارێکی سادەیە بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە، نەک بنەبڕکردنی بە تەواوەتی.

پێستێکی تەندروست

توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خواردنەوەی چای رەش بە شێوەیەکی دیار ئەگەری توشبون بە شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە، لەگەڵئەوەش شێوازەکانی ئامادەکردنی چا کاریگەریی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و چای گەرم سودێکی زۆرتری هەیە بەراورد بە چای سارد.

دورخستنەوەی شەکرە

لەپاڵ سودەکانی بۆ پێست و بەرگریکردن لە توشبونی لەش بە شیرپەنجە، خواردنەوەی چا رێگر دەبێت لە توشبون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دو ئەوەش لەرێگەی کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی شەکر، خواردنەوەی چا لە دوای نان خواردن هاوکاری رێکخستنی شەکر لە خوێندا دەکات بەتایبەت دوای ئەو خۆراکانەی کە مادەی شەکرۆزیان بە رێژەیەکی زۆر تێدایە.

ددان بەهێز دەکات

هەرچەندە زۆر خواردنەوەی چا ددانەکان زەرد دەکات، بەڵام سودێکی زۆریشی هەیە لە بەهێزکردنی دداندا، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک چای سەوز کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە نەهێشتنی بەکتریای ناو دەم و ئەو بەکتریایانە کەمدەکەنەوە کە دەبێتە هۆی کلۆربونی ددان.

رێکخستنی خەو

ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی قورس خەویان لێدەکەوێت پێویستە پێش خەوتن کوپێک چا بخۆنەوە، توێژینەوەکان دەریانخستوە خواردنەوەی چا دەکرێت کاریگەری لەسەر باشکردنی خەو هەبێت و چارەسەری کەمخەویی دەکات.


یەکێکی دیکە لە سودەکانی خواردنەوەی چا بەهێزکردنی سەرنجدانی مرۆڤە.
بونی ئەم سودە زۆرانەی چا مانای ئەوە نییە خواردنەوەی چا هیچ زیانێکی نەبێت، خواردنەوەی چا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئاسن لە خوێندا و ئەگەری خوێنبەربون زیاد دەکات ئەگەر بڕێکی زۆر بخورێتەوە لە رۆژێکدا بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی دڵ و فشاری خوێنیان هەیە.