پێنج نیشانەی ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان

06/10/2019 - 11:48 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

زۆربەی پرۆسە گرنگەکانی جەستە لەلایەن هۆڕمۆنەکانەوە کۆنترۆڵدەکرێن، بۆیە کاتێک بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنێک لە جەستەدا تێکدەچێت بەشێک لەو پرۆسانەش سەرەنجام تێکدەچن، ئەم نیشانانە دەردەخەری ناهەوسەنگی هۆڕمۆنەکانن:

 

زیپکە

دروستبوونی زیپکە چەندین هۆکاری لەداوەیە، بەڵام پزیشکان دەڵێن لەناکاو دروستبوونی زیپکە یەکێکە لە نیشانەکانی تێکچوونی هاوسەنگی هۆڕمۆنەکان، بەتایبەتی هۆڕمۆنی ئەندرۆجین، کاتێک ئەم هۆرمۆنە لە جەستەدا کەمدەبێتەوە زیپکە لە هەموو بەشەکانی جەستە دەردەکەوێت.

سەرئێشەی بەردەوام

پزیشکانی پسپۆڕی کوێرەرژێنەکان روونیدەکەنەوە، تێکچوونی ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە جەستەدا یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرئێشەی بەردەوام، هەرچەندە سەرئێشە هۆکاری دیکەشی هەن وەک گوشاری دەروونی، ماندووبوون و هتد.. بەڵام سەرئێشەی بەردەوام پێویستی بە راوێژی پزیشکە.

کەمخەوی

کەمبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی پرۆجیسترۆن لە جەستەی خانماندا یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمخەوی، پسپۆڕانی بواری خەوتن دەڵێن، هۆڕمۆنی پرۆجیسترۆن ئارامکەرەوەیە و یارمەتی خەوتن دەدات. بۆیە ئەو خانمانەی گرفتی خەوتنیان هەیە دەبێت پشکنینی ئاستی ئەم هۆڕمۆنەیان بۆ بکرێت.

ماندووبوون

ئەو کەسانەی هەمیشە هەست بە ماندووبوون دەکەن سەڕەرای ئەوەی بەپێی پێویست پشوو وەردەگرن، لەوانەیە گرفتیان هەبێت لە رژێنی دەرەقی، چونکە تەمبەڵبوونی رژێنی دەرەقی و کەمتردەردانی هۆڕمۆنەکان، یەکێکە لەو هۆکارانەی کەسەکە بەردەوام هەست بە ماندووبون دەکات.

گۆڕانی کێشی جەستە

کاتێک کەسێک تووشی ناهاوسەنگی لە هۆڕمۆنەکان دەبێتەوە، کێشی جەستەیی زیاددەبێت بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە رژیمی خۆراکی رووبدات، زۆر بەرهەمهێنانی ئاستی هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین، کۆرتیزۆل و ئەنسۆلین یان کەمی ئاستی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن هۆکارن.