رەنگی چاو پەیوەندی بەم نەخۆشییەوە هەیە

04/02/2019 - 08:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

توێژینەوەیەكی نوێی زانكۆی (ساوس وێڵز) ئاشكرایدەكات، پێدەچێت ڕەنگی چاوەكان هۆكارێك بن بۆ هەستكردن بە خەمۆكی لە وەرزی زستاندا.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە، ئەوانەی چاویان قاوەیی و ڕەشە زۆرتر تووشی خەمۆكی زستانە دەبن كە بە پشێوی سۆزداری وەرزی ناسراوەو بە (SAD) ئاماژەی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا خاوەن چاوە كاڵەكان كەمتر تووشی ئەو حاڵەتە دەرونییە دەبن، بە تایبەت چاو شینەكان.

توێژەرەوەكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر شێوەكانی خەمۆكی وەرزی كردووەو (175) قوتابیان بەنمونە وەرگرتووە كە لەتەمەنە جیاوازەكاندا بوون و ئەنجامەكانیشیان ئەوەیان سەلـماندوە كە ئەوانەی چاویان كاڵە یان چاویان شینە كەمتر ئەو حاڵەتەیان هەبووە.

ئەو توێژەرەوانە دەڵێن، هۆكاری ئەو جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕی ئەو ڕووناكییەی كە چاوی كەسێك دەتوانێت چارەسەری بكات، بەشێوەیەك ئەوانەی چاویان كاڵە هەستەوەرترن بە ڕوناكی و لە زستاندا میلاتۆنین دەردەدەن كە ئەوەش میكانیزمێكەو بەبڕوای توێژەرەوان هەندێك بەرگری دەستەبەر دەكات لە دژی خەمۆكی لە زستاندا.

شانبەشانی هەموو پێدراوەكان، پڕۆفیسۆر (لانس وركمان) ی سەرپەرشتیاری ئەو توێژینەوەیە دەڵێت: ڕەنگی چاو تەنها فاكتەر نییە، بەڵكو ئەوانەی كاتێكی زۆر لەشوێنە داخراوەكاندا بەسەر دەبەن زیاتر تووشی خەمۆكی زستانە دەبن.

لە بابەتێكی كوردسات نیوزدا هاتووە، هەروەها ئەو توێژینەوەیە بەردەوام دەبێت تا بە تەواوی ئەوە دەسەلـمێنرێت كە ڕەنگی چاو پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە خەمۆكی وەرزییەوە، تا ئەو كاتەش توێژەرەوان ڕێنمایی ئەو كەسانە دەكەن كە چاویان قاوەیی و ڕەشە كە لەزستاندا زیاتر گرنگی بدەن بەپیاسەكردن لە شوێنی كراوە‌و باخچەكاندا، بەتایبەت لەكاتی خۆرهەڵاتندا، چونكە ئەوە بەڕادەیەكی باش ئەو حاڵەتە دەرونییە كەم دەكاتەوە كە بە (ساد) یان خەمۆكی زستانە ناسراوە.

 

 

ئـ . كـ