زانیوتانە شیكۆلاتە بۆ ئەو نەخۆشییە سوودی هەیە

08/02/2019 - 10:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

توێژینەوەیەكی ئەمریكی دەریخستووە، شیكۆلاتە دەتوانێت دەمارەكانی كۆتایی قورگ هێور بكاتەوە كە بە هۆی ئەنفلۆنزاوە گرژ دەبن.

كاتێك كەسێك تووشی كۆكە دەبێت زۆر بە دوای چارەسەرێكی گونجاودا دەگەڕێت بۆ ڕزگاربوون لە كۆكەو دەرمانخانەكانیش چارەسەری زۆریان تێدایە، بەڵام زۆربەیان تامیان ناخۆشە.

توێژەرەوەكانی زانكۆی (هل) لە یۆركشایەری ئەمریكا دوای كاری زۆرو لێكۆڵینەوەیان بۆیان دەركەوتووە، باشترین چارەسەرو جێگرەوە بۆ ئەو دەرمانانە شیكۆلاتەیە كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە سەرانسەری جیهاندا حەزیان لێیەتی.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە شیكۆلاتە بە تەنها تامی خۆش نییە، بەڵكو توانایەكی باشی هەیە بۆ چارەسەكردنی كۆكە لە چاو دەرمانەكانی دیكەدا.

لەو توێژینەوەیەدا كە بە بەشداربوونی (163) كەسی تووشبوو بە كۆكە ئەنجامدرا، نیوەیان لەو دەرمانانەیان پێدرا كە (ئەلكودین) ی تێدابووەو نیوەكەی دیكەیان چارەسەری (رۆكۆكۆ) یان پێدرا كە لە شیكۆلاتە دروستكرابوو، لە كۆتاییدا ئەوانەی (رۆكۆكۆ) كەیان پێدرابوو كە مادەی شیكۆلاتەی تێدا بوو زووتر هەستیان بە باشبوون كرد بە بەراورد بەوانەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك دەرمانی (ئەلكودین) ەكەیان بەكار هێنابوو.

توێژەرەوەكان وتیان: شیكۆلاتە ماددەی (سیوبرۆمین) ی تێدایە كە وەك ئەو دەرمانەیە كە مادەی (ئەلكودین) ی تێدایە هەردووكیشیان هەستكردن بە پێویستی كۆكین كەم دەكەنەوە ئەویش بە هۆی ئەوەی چاڵاكی كۆتاییە دەمارەكانی قوڕگ كەمدەكەنەوە.

هەر بەپێی ئەو توێژینەوەیە شیكۆلاتەی ڕەش ڕێژەیەكی زۆری مادەی سیۆبرۆمینی تێدایەو چەندە ڕێژەی كاكاوەكەی زۆرتربێت ئەوا كاریگەرییەكەی زیاتر دەبێت، هەر بۆیە ئەو شیكۆلاتەیەی كە زیاتر (70%) كاكاوی تێدا بێت نیشانەكانی كۆكە بە شێوەیەكی بەرچاو كەم دەكەنەوە.

خاسییەتێكی دیكەی چارەسەر بە شیكۆلاتە ئەوەیە كە ماددەیەكی سروشتییەو هیچ پاشهاتێكی تەندروستی نییە بە بەراورد بە دەرمانەكانی دیكە، چونكە هەندێك لەو دەرمانانە لە حاڵەتی زۆر بەكارهێنانیان دەبنە هۆی ئەوەی كەسەكە تووشی خووگیری بكەن.

هەر ئەمەشە وای لە پزیشكان كردووە ڕێنمایی نەخۆشەكانیان بكەن زۆر لەو دەرمانانە نەخۆن كە (ئەلكۆدین) ی تێدایە، هەروەها ئەو جۆرە دەرمانە بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەش باش نییە كە شوفێری دەكەن، چونكە كە دەرمانەكە دەخۆن خەواڵوو دەبن و هەست بە ماندوێتی و لەش خاوبوونەوە دەكەن.

لە كۆتاییدا توێژەرەوەكان ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ دەدەن و دەڵێن، خواردنی شیكۆلاتە بۆ ئەو كەسانە باشە كەم كەم تووشی كۆكە دەبن نەك بۆ ئەوانەی هەستیاری یان كۆكەی درێژخایەنیان هەیە، بۆیە پێویستە لەو دووحاڵەتەی باسكران نەخۆش سەردانی پزیشك بكات، بەڵام لە حاڵەتی كۆكەی كەمدا شیكۆلاتە باشترین چارەسەرە.

 

 

 

ئـ . كـ