ئەو خواردنانەی دەبنە مایەی دروست بوونی غودە

08/02/2019 - 10:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

غودە ئەو ڕژێنەیە كە كەوتۆتە بەشی پێشەوەی ناوچەی مل و گرێیەكە لەشێوەی پەپولەدایەو زۆر بەڕوونی بەدیار ناكەوێت، لەمرۆڤدا كێشی نزیكەی (20) گرام دەبێت، ئەركی سەرەكی ڕژاندنی هۆرمۆنەو دروستكردنی گرێیە لە ملدا.

لەوبارەیەوە (د. واحید عوسمان حەمە شەریف) پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی بۆ ماڵپەری تەندروستی ڕایگەیاند: هۆكارەكانی بۆماوەیی بە ڕێژەیەكی كەم كاریگەریان لەدروستبوونی ئەم گرێیەدا هەیە، هەندێك جار جۆری خواردنی وەك (تور، چەوەندەر، قەڕنابیت، كەلەرم) هۆكارن لە دروست بوونی ئەم گرێیەدا، زۆرجاریش بەكارهێنانی دەرمان بەشێوەیەكی نادروست وادەكات ئەو غودەیە دروست بێت.

هەروەها ئەو پزیشكە پسپۆڕە لەبارەی چارەسەرەكانی ئەم نەخۆشییەوە ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە ئەو كەسەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات و ڕەچاوی پشكنین و ئامۆژگارییەكانی پزشكەكەی بكات تاوەكو گرفتەكەی كەمتر ببێتەوە یاخود بەرەو چارەسەركردن بڕوات یان هەندێكجار بۆ بنەبڕكردنی ئەم كێشەیە پێویستە نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت یان دەرمانی تایبەت بەكاربهێنرێت.

هاوكات دكتۆری ناوبراو لەبارەی جۆرەكانی ئەم غودەیەوە ئاماژەی بەوەشكرد، كە چوار جۆری سەرەكی هەیەو دیارترینیشیان غودەی (سام و شێرپەنجە) یە، ئەویش لە ئەنجامی سەردانیكردنی پزیشك و پشكنینە پزیشكییەكانەوە دەردەكەوێت كە ئەو كەسە چ جۆرێكیانی تووش بووە.

ئەو پزیشكە ئەوەشی وت: غودەی سام بە یەكێك لەو جۆرە بەر بڵاوانە دادەنرێت كە زۆربەی مرۆڤەكان لە ئێستادا تووشی دەبن و بەمەبەستی لابردن و بنەبڕكردنی سەردانی پزیشك دەكەن، بۆ ئەوەش سۆنار یان پشكنینی تاقیگەییان بۆدەكرێت و پێش ئەنجامدانی كاری نەشتەرگەریش دەبێت نەخۆش ڕەچاوی ئەو دەرمانانەبێت كە پزیشك بۆ ڕێكخستنی چەوری و هۆرمۆناتی لەشی دایدەنێت و دوای بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەش نەشتەرگەرییەكەی بۆ ئەنجام دەدرێت و ڕزگار دەكرێت لەو نەخۆشییە.

 

 

ئـ . كـ