پزیشکانی چاو لەبارەی دۆمەڵان ڕونکردنەوەیەکی بەپەلە بڵاودەکەنەوە

09/03/2019 - 09:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

لەبارەی دۆمەڵانەوە پسپۆڕێکی نەخۆشیەکانی چاو پەیامێک ئاراستەی ھاوڵاتیان دەکات و داوایان لێدەکات بەو شێوە باوو بڵاوەی ئێستا ئاوی دۆمەڵان نەکەنە چاویانەوە، ڕاشیدەگەیەنێت، "تائێستا ھیچ دەرمانێک لەدۆمەڵان دروستنەکراوە"، ھاوکات مەترسیەکی گەورەش لەسەر ئەوکەسانە ئاشکرادەکات کە ئاوی دۆمەڵان دەکەنە چاویانەوە.

دۆمەڵان چییە؟

لەجیھانی زیندەوەردا دۆمەڵان بەکەڕوو دادەنرێت، لەناوچە بیابان و دەشت و بەرزاییە لماویەکان زۆرە، زیاتر لە ٣٠ جۆری ھەیە، لەژێر زەوی گەشەدەکات وەکو پەتاتە، ھەیانە ڕوکاری لوسەو ھەشە گڕنی گڕنیە، ڕەنگی لەنێوان بۆرو قاوەیدایەو جاریش ھەیە قاوەییەکەی تۆخە.

چۆن دروستدەبێت؟

ھەورە تریشقەی پایز زۆر گرنگە بۆ دۆمەڵان، لەدوای بارانبارینی بەھاریش پەیدا دەبێت، لەشوێنی خۆی زەویەکە شەقدەکات لەقولی (٥ بۆ ١٥) سم دەتوانیت بیدۆزیتەوە، لەبیابان زیاتر لەدەوری ڕوەکێک سەوز دەبێت عەرەب پێی دەڵێن (الرقروق).

لەبەرئەوەی بۆنی دۆمەڵان خۆشە بۆیە مێروو و بەتایبەتی باڵەفرەکان بەدەوریدا دەفڕن، ئەوەش مانای وایە نیشانەی بونی دۆمەڵانە.

دۆمەڵان بەسروشتی سەوز دەبێت، زۆر بەسودە بۆ مرۆڤ لەبەرئەوەی ٩%ی پێکھاتەکەی پڕۆتینەو ١٣%ی کاربۆھیدرات و ١%یش چەوریە، ئەوانی دیکەی کالسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆڕو سۆدیۆمە لەگەڵ بونی ڤیتامینی (ب ١و٢).

لەھەرێمی کوردستان دۆمەڵان بۆ زۆر نەخۆشی بەکاردێت بەتایبەتی ئاوەکەی لەناو چاو دەکرێت بۆ تەراخوما، ھەروەھا لەگەڵ خواردنی دۆمەڵان باش نییە ئاوی سارد بخۆی، چونکە زیان بە گەدە دەگەیەنێت.

پزیشکانی چاو چی دەڵێن؟

د.نەھلە مەحمود پسپۆڕی نەخۆشیەکانی چاو به‌ تۆری سلیمانی ڕاگەیاند، "لەڕوی زانستیەوە دۆمەڵان ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چاو، ھیچ توێژینەوەیەکیشی لەسەر نەکراوە، ڕەنگە سودی ھەبێت، بەڵام تائێستا ھیچ دەرمانێک لەدۆمەڵان دروستنەکراوە".

وتیشی:"بەو شێوەیەی باسدەکرێت و خەڵک بەکاریدەھێنێت، نازانستی و نا تەندروستیشە، دومەڵانەکە دەتوێننەوەو ئاوەکەی دەردەھێنن، بەڵام تەپوتۆزی خەڵوزەکەو دوکەڵی تێدەچێت و لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستەوخۆ بۆچاو بەکاریدەھێنن، بەھۆی بەکارھێنانی بەو شێوەیەش بەشێکی زۆر لەنەخۆشەکان دوچاری ھەوکردن و حەساسیەتێکی لەناکاو سوربونەوەی چاو ئازارێکی زۆربون".

ئەوەشی ڕونکردەوە، بەشێکی زۆر لەنەخۆش سەردانیان کردوە کە بەھۆی دۆمەڵانەوە توشی ئەو حاڵەتانە بون، لەکاتێکدا ھیچ بنەمایەکی زانستی ئەوەی نەسەلماندوە کە بۆ چارەسەری چاو، ئاوی دۆمەڵان بەکاربھێنرێت.

ئەوەشی وت:"ھەرچەندە دۆمەڵان ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە، بەڵام ڕەنگە ھاوڵاتیان لەڕوی ئایینەوە ڕویان لەو چارەسەرە کردبێت، چونکە فەرمودەی لەسەرە، بەڵام رەنگە بەو شێوەیە باسنەکرێت کە ئێستا نەخۆش بەکاریدەھێنێت، بەڵکو ڕەنگە سودەکەی بۆ خواردن بوبێت، بەو شێوەیە دۆمەڵان شیفا بێت بۆ چاو".

ئەو پزیشکە وەڵامی ئەو پرسیارەی ھاوڵاتیانی دایەوە کە ئایا بەخواردنی یان بەئاوەکەی سود وەردەگرن، ئەو وتی:"ئەوە ڕوننەبۆتەوە، ڕەنگە بۆ شتێکی زۆر تایبەت و بۆ حاڵەتێک بەکارھێنرابێت، نەک بەو شێوەی کە دەوترێت بۆ کزی چاو، ئاوی ڕەش و دوربینی و نزیک بینی بەکارھێنرابێت، ئەوانە ھیچ بنەمایەکی دروستی نییەو دورە لەڕاستیەوە".

وەک پەیامێکیش بۆ ھاوڵاتیان وتی:"داوایان لێدەکەم دوربکەونەوە لەبەکارھێنانی بەو شێوەی باسدەکرێت، بۆئەوەی گرفتی چاویان توش نەبێت".

"بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی خەڵکی کوردستان دەستیان داوەتێ"

لەلایەکی دیکەشەوە دکتۆر ماکۆک محەمەد پزیشکی نەشتەرگەریی و نەخۆشییەکانی چاو لەژێر ناوی (خورافیاتی دۆمەڵان) بابەتێکی بڵاوکردۆتەوەو نوسیویەتی ((پەندێک ھەیە دەڵێ (دۆمەڵان، گۆشتی بێ ئێسقان) واتە تام و سودی گۆشتی ھەیەو ئێسقانیشی تێدانییە)).

ئەو پزیشکە، فەرمودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام باسدەکات کە دەڵێت ((الکمٲە من المن و ماۆھا شفاء للعین)).

زیاتر لەو ڕوەوە دەڵێت:"لەم فەرمودەیەدا باسی ئەوەنەکراوە چۆن ئاوی دۆمەڵان بەکاربێت، بەو شێوە ھەڕەمەکییەی خەڵکی دەستیان داوەتێ، دەکرێت لەسەنتەرێکی زانستی دەرمان دروستکردندا توێژینەوەی لەسەر بکرێت و دەرمانی بەسودی لێ دروست بکرێت".

ئەو پزیشکە ڕاشیدەگەیەنێت، "ئەگەر وانییە ئەی زیاتر لەھەزار ساڵە بۆچی موسڵمانان نەیانتوانیوە دەرمانێکی لێ دروستبکەن، لەکاتێکدا نەخۆشییەکانی چاو لەناو وڵاتە ئیسلامیەکاندا زۆرە، ئەگەر وا بەسودبوایە ئێستا پێویستمان بەھیچ نەخۆشخانەیەکی چاو نەدەبوو، دەبوایە ئێستا ھەموو نەخۆشخانەکانی چاو لەئەمریکاو ئەوروپاش دابخرانایە".

بەبۆچونی ئەو پزیشکە ناکرێت شتێک ھێندە گرنگ بێت موعجیزە ئاسا ھەموو نەخۆشییەکی چاو چاکبکاتەوەو لەھەموو تەمەنی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێت) تەنھا یەک دوجار باسی لێوە کرابێت و بەیەک فەرمودە ئاماژەی پێکرابێت، "دڵنیام یان ئێمە خراپ ئەم فەرمودەیە بەکاردەھێنین، یان ئەو فەرمودەیە ھی پێغەمبەر نیە، یان وشەیەکی لێ کەمبۆتەوە".