ئەگەر منداڵێك نەوتی خواردەوە چی بكەین باشە ؟؟

20/03/2019 - 09:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

وەرزی بەهار بە وەزری سەیران و چوونەدەر ناسراوە، گومانی تێدا نیە گەشت و سەیران سودی تەندروستی زۆری هەیە گەر بە دروستی ئەنجام بدرێ.

گرنگە ئەمانەمان لە بیر بێت:

1. لە كاتی سەیراندا چاڵاكی جەستەیی و بە پێ ڕۆیشتن سوودی تەندروستی زۆری هەیە، بەڵام چوونە ناو ئاوو مەلەوانی كردن بەبێ شارەزایی ساڵانە كارەساتی جەرگ بڕ دروست دەكات. 

2. بە فڕێدانی شوشەیەك ڕەنگە ببینە هۆی برینداركردنی كەسێكی تر. 

3. بایی ئەوەندە ژینگە بپارێزین كە خودی خۆمان ڕۆژی دواتر بێینەوە هەمان شوێن بتوانین تێیدا بمێنینەوە. 

4. بە بەرزكردنەوەی دەنگی میوزیك با نەبینە هۆی بێزاركردنی لایەنی دەروونی كەسانی تر. 

5. لە كەش و هەوای سارددا پێویستە جل و بەرگی پێویست لەبەر بكرێ، بە تایبەت بۆ منداڵ و بە تەمەن. 

6. هەوڵدەین زیاتر تام و چێژ لە جوانی سروشت وەرگرین لەبری ئەوەی خواردنی زۆر بخۆین. 

7. تكایە، تكایە نەوت و مادەی سوتەمەنی نابێت لە ناو بوتڵی ئاو دابنرێ، گەر ناچاریش بوی ئەوا بە بەرگێكی جیاواز دایپۆشەو دووری خە لە دەستی منداڵ، خوا نەكا گەر دەستی منداڵ كەوت و بڕێكی لێخواردەوە ئەوا (هەوڵ مەدە منداڵەكە بڕشێنیەوە، وا پەسەندە خواردن و خواردنەوەی پێنەدەیت، سەردانی نزیكترین فریاكەوتن بكە). 

8. گەر كەسێك نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، پێویستە دەرمانەكانی لەیاد نەكات، تاكو لە كاتی خۆی وەریگرێت. 

9. جێهێشتنی كەسی بەتەمەن بە تەنیا لە ماڵەوە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕووداوی نەخوازراو بهێنێتە كایەوە. 

10. بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی باسمان كرد بە تەواوی جێبەجێ بكرێ، پێویستە كەسی سەرەكی خێزان پلانی سەیرانەكە بۆ ئەندامانی ماڵەوە باس بكات، بەم جۆرە دەتوانرێ دەرچونێكی دروست و ئاسودە ئەنجام بدرێ.

د. هێرش دەربەندی – پزیشكی خولاو