ئیبۆلا هەڕەشە لەجیهان دەكات

14/04/2019 - 08:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

شارەزایان لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ڕێكخرای تەندروستی جیهانیدا كۆكن لەسەر ئەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە ڕۆژهەڵاتی كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ نابێتە هۆی نیگەرانی باری نائاسایی تەندروستی گشتی جیهانی.

شارەزایان دەڵێن، نەخۆشی ئیبۆلا مەترسی لەسەر جیهان دروست ناكات لە كاتێكدا ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە هیچ سنورێكی جیهانی نەبەزاندووە، بەڵام هۆشداری ئەوەش دەدەن ئێستا كاتی ئەوە نییە پاشەكشێ بكەن لە كاتێكدا نەخۆشییەكە هەتا دێت زیاتر بڵاو دەبێتەوە، ئەوان دەڵێن : هەوڵەكان بۆ بنەبڕكردنی ڤایرۆسەكە دەبێت دوو هێند بكرێت.

ئەم مەزەندەكردنە دوابەدوای ئەو هۆشدارییە بوو كە لە لەلایەن كاربەدەستێكی باڵای خاچی سوورەوە درا كاتێك نیگەرانی دەربڕی لەسەر شیانی ئەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە هەرێمەكەدا بڵاو ببێتەوە.

زیادبوونی ڤایرۆسی ئیبۆلا بەم دواییانە لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ زۆر بەدی دەكرێت حاڵەتەكان گەیشتۆتە (1206) حاڵەت كە (764) لەوانە گیانیان لەدەست داوە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت : ئەم ناوچانە بەهۆی خراپی باری ئاسایشەوە پشتگوێ خراون ئەمەش بۆتە هۆی تەشەنەكردنی ئیبۆلا. 

مایك ڕایان بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامی نائاسایی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: ڕێكخراوەكە بەهۆی دەست ڕانەگەیشتنی بە ناوچەكە دووا كەوتووە لە بازنەی كووتانی منداڵان لەوێ.

ڤاكسینی دژی ڤایرۆسەكە هەتا ئێستا كاریگەرترین چارەسەربووە بۆ كەمكردنەوەی حاڵەتەكان، بەڵام وەكو بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە دەڵێت : ئەگەر نەتوانین ڤاكسینی دژ بە ڤایرۆسەكە لە خەڵكی بدەین ئەوا ناتوانین بیانپارێزین.

ڕایان وتیشی: لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردوودا تیمەكانیان توانیویانە بگەڕێنەوە ناوچەكە بۆ هاوكاری كردنی ئەو كۆمەڵگایانەی كە ئیبۆلا كاری تێكردوون.