بزانن خۆراكی خراپ چی بەسەر مرۆڤ دەهێنێت

22/04/2019 - 11:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

لەتوێژینەوەیەكی نوێدا ئاشكرا كراوە، ساڵانە بەهۆی سیستەمی خۆراكی هەڵەوە (11) ملیۆن كەس گیان لە دەست دەدەن.

تیمێكی توێژەرەوانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی (هالە) ی ئەڵمانی لەتوێژینەوەیەكی ئامارئامێزیاندا ئەوەیان خستۆتەڕوو، كە كەمی هەندێك خۆراكی دیاریكراوو زیادەڕۆیی لەخواردنی هەندێك خۆراكی تردا دەبێتە هۆی مردنی (11) ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهاندا.

هەر ئەو توێژینەوەیە ئاماژەی بەوەداوە دانیشتوانی فەرەنسا‌و ئیسرائیل ‌و ئیسپانیا بەبەراورد لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەكانی دیكەی جیهان خۆراكی دروست دەخۆن و دۆخیان لە كەسانی تر باشترە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لەگۆڤاری (لانسێت) ی تایبەتمەنددا بڵاوكراوەتەوە، خۆراكە نادروستەكان بریتین لەو خواردنەوانەی ڕێژەیەكی زۆری شەكریان تێدایەو خواردنی بڕێكی كەمی سەوزەو میوە بەشێوەیەكی ڕۆژانە.

ئەو توێژەرەوانە دەڵێن، ئەو مردنانە نزیكەی یەك لەسەر پێنجی مردنەكانی ساڵانەیە لەوڵاتاندا، بە شێوەیەك لە ئەڵمانیاو ساڵانە لە هەر (100) هەزار كەسێك (162) كەس بەهۆی خواردنی خۆراكی نادروستەوە دەمرن، هەر ئەڵمانیاش پلەی (38) ی هەیە لەو توێژینەوەیەدا كە لە (195) وڵات ئەنجامدراوە.

خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ لە نەخۆشییەكان مەترسیدارەكان دەمانپارێزێت :

بەپێی ئەو توێژینەوەیە كەمترین كەس لە ئیسرائیل و فەرەنساو ئیسپانیا بەهۆی خۆراكی نادروستەوە گیان لەدەستدەدەن، ئەو سێ وڵاتەش بە دوای یەكدا سێ وڵات بوون كە كەمترین حاڵەتی مردنیان تێدا تۆماركراوە.

هاوكات هەریەك لە وڵاتانی ئەفغانستان و پاكستان و دوورگەكانی مارشاڵ پلەكانی (193) تا (195) یان هەبووەو یەكێك بوون لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانەكانیان بەهۆی خواردنی نادروستەوە گیان لەدەستدەدەن.

هەر لەو توێژینەوە بەرفراوانەدا كە لەسەر شێوازەكانی خواردنی خۆراك‌ و نەخۆشییە نادرمەكانی وەك نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن و شەكرەی جۆری دووەم لەژمارەیەكی زۆری وڵاتانەی جیهاندا كراوە، لەنێوان (15) فاكتەری سەرەكی كە توێژەرەوەكان تیشكیان خستۆتە سەر كەمی بەكارهێنانی میوەو كەمی بەرهەمە ڕووەكییەكان بووە كە دەوڵەمەندە بە ماددە سوود بەخشەكان و زۆری و زیادەڕەوی بووە لە بە كارهێنانی گۆشتی سووردا.

بەپێی توێژینەوەكان خۆراكە نادروستەكان بریتین لە نانی بۆرو ڕیشاڵی خۆراكی و تۆوەكان و چەرەزات و شیرو كالیسیۆم و ترشە چەوری ئۆمێگا 3 و ترشە چەورییە ناتێرەكان، هەرچی خۆراكە نا دروستەكانیشە بریتین لە گۆشتی سورو هەندێك جۆری گۆشتی دیكەو ئەو خواردنەوانەی ڕێژەی شەكر تێیاندا زۆرەو ڕۆنی چەند جار بەكارهێنراوو خوێ.

توێژەرەوەكان ژمارەی كۆچكردووەكانیان جیاكردۆتەوە لەسەر بنەمای ئەو خۆراكە نادروستەی خواردوویانە، لەوانەش، ئەوانەی بەهۆی زیادەرەوی لەبەكارهێنانی خوێوە دەمرن نزیكەی (3) ملیۆن كەسەو ئەوانەی تەنها نانی سپی بەكار دەهێنن و نانی بۆر ناخۆن (3) ملیۆن كەسە‌و ئەوانەی میوە ناخۆن ‌و لەخۆراكەكانیاندا بەكاری ناهێنن (2) ملیۆن كەسەو ئەوانەی كەمی ماددەكانی ناو چەرەزاتیان هەیەو بە هۆی ئەوەوە دەمرن دوو ملیۆن كەسە.

توێژەرەوەكان بەراوردێكیان كردووە لە نێوان ژمارەی ئەوانەی هۆی سەرەكی مردنەكەیان جگەرە كێشانە لەگەڵ ئەوانەی بەهۆی بەدخۆراكییەوە دەمرن، دەركەوتووە ڕێژەی ئەوانەی كە بە هۆی جگەرەكێشانەوە تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و كۆئەندامی هەناسە دەبن (8) ملیۆن كەسەو ئەوانەی بە هۆی خراپی سیستەمی خۆراكیانەوە دەمرن (11) ملیۆن كەسە كە ئەوەش ژمارەیەكی زۆرە‌و هەڕەشەیەكی دیكەیە لەسەر دانیشتوانی جیهان.

تەنها ڕەخنەیەك كە لەم توێژینەوەیە گیراوە ئەوەیە كە تیمەكە باسیان لە مەترسییەكانی خواردنەوە كهولییەكان نەكردووەو نەیانكردۆتە یەكێك لەو هۆكارانەی ساڵانە چەندین ملیۆن كەس بە هۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.