لەبارەی خەوتن، چەند زانیارییەك بەهەڵە باسی لێوەكراوە

29/04/2019 - 09:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

زانایانی ئەمریكا لەنوێترین توێژینەوەیاندا هەندێك لەو زانیارییە هەڵانە راست دەكەنەوە كە تائێستا سەبارەت بە خەو بڵاو كراونەتەوە.

توێژەرەوانی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی نیویۆرك لە ئەمریكا لە توێژینەوەیەكیاندا كە لە گۆڤاری (Sleep Health)دا بڵاویانكردۆتەوە جەختیان لەوە كردۆتەوە تاكو ئێستا ڕاستی پێویستمان نەبووە سەبارەت بە خەوتن و ئەوەشی هەبووە شتێكی ڕاست نەبووە، لەو زانیارییە هەڵانەش.

1. دەوترا كەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە پێنج سەعات یان كەمتر هەیە بۆ خەوتن، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر بە باشی كاربكەن و سەرنجیان بە هێز بێت، بەڵام توێژینەوە نوێیەكە ئاشكرایدەكات، ئەوانەی شەوان كاتێكی كەم دەخەون واتە پێنج سەعات و كەمتر هەلی تووشبوونیان بە هەندێك نەخۆشی دوو هێندەیە لە چاو ئەوانەی زیاتر دەخەون، لەو نەخۆشییانەش نەخۆشی دڵ و بۆرییەكانی خوێن. 

2. دەوترا لە هەركوێ و هەر كات خەوت هات بخەوە، چاو گەرمكردن بۆ چەند خوولەكێك لە ئۆتۆمبێل یان لە شەمەندوفێردا بێت نیشانەی ئەوە نییە كە لەش ماندوێتی دەرچووە، بەڵكو نیشانەیە بۆ ئەوەی لەش بەپێی پێویست ئیسراحەتی نەكردووەو پێویستی بەوەیە ئەو قەرزی خەوەی بدرێتەوەو قەرەبووی بكرێتەوە. 

3. دەوترا ڕەنگە بتوانرێت جەستەو مێشك ڕابهێنرێت لەگەڵ خەوی كەمدا بەوەی كە مێشك و جەستەی مرۆڤ دەتوانن خۆیان بگونجێنن یان فێری كەمخەوی ببن، بەڵام توێژینەوە نوێیەكە ئەمە ڕەت دەكاتەوە، چونكە جەستە بە چوار قۆناغی جیاوازی خەودا تێدەپەڕێت و دەتوانێت تەواوی هێزی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، هەر بۆیە گواستنەوە لە قۆناغی یەكەمەوە كە خەوی سووكی پێدەوترێت بۆ قۆناغی چوارەم كە پێی دەوترێت خەوی قوڵ پێویستی بە (25%) ی هەموو كاتی خەوە. 

4. پرخەكردن بێزاركەرە، بەڵام هەموو جارێك زیانبەخش نییە، لەڕاستیدا پرخەی زۆرو بەدەنگی بەرز نیشانەی وەستانی هەناسەیە لە كاتی خەوداو ئەوەش پشێوییەكی مەترسیدارەو وا لە مرۆڤ دەكات بەشەو چەند جارێك كەسەكە هەڵسێت و بەڕۆژیش خەو بیباتەوە، پرخەكردن مەترسی دیكەشی هەیە ڕەنگە ژیان بخاتە مەترسییەوە، چونكە مەترسی تووشبوون بە نۆرە دڵێ و هەناسە توندی و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و شێرپەنجە‌و شەكرەو نەخۆشییەكانی گورچیلەو پشێووییەكانی هەستكردن و ڕەفتارەكانی لێدەكەوێتەوە.

5. مانەوە لە ناو جێگەدا بە چاوی نوقاوەوە یارمەتیدەرە بۆ نووستن، ئەمە ڕەنگە بۆ ڕابردوو هەندێك ڕاست بێت، بەڵام لەم سەردەمەدا هیچ كەس ناتوانێت بە زۆرو بێ ئەوەی خەوی بێت بچێتە ناو جێگەوە، چونكە گەر كەسێك خەوی نەیەت و لە جێگەدا ڕاكشێت و چاوی بنوقێنێت ڕەنگە زیاتر تووشی پشێویی بێت لە خەوتنەكەیدا وەك لەوەی خەوی لێبكەوێت. 

6. كاتی خەوتن گرنگ نییە، ئەمەش یەكێكی ترە لە ڕێنماییە هەڵەكان و كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر جەستە، پیسپۆڕانی بواری خەو ڕێنمایی دەكەن، پێویستە هەموو كەسێك خشتەی خەوتنی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت كۆنترۆڵی سەعاتی بیۆلۆژی لەشی خۆی بكات. 

7. سەیركردنی تەلەفزیۆن لە ناو جێگەدا یارمەتیدەرە بۆ حەوانەوە، دیسان ئەوەش بۆچوونێكی هەڵەیە، چونكە لە شاشەی مۆبایل و كۆمپیوتەرو تەلەفزیۆنەوە جۆرە تیشكێكی شینی درەوشەدار دەردەچێت كە جۆرە تێگەیشتنێك بە مێشك دەدات وەك ئەوەیە پێی بڵێت هێشتا ڕووناكەو پێویستە بەخەبەر بین، بۆیە پسپۆڕان ڕێنمایی دەدەن، پێویستە كاتێك ویستمان بخەوین هەموو جۆرە ئامێرێكی وەك تەلەفزیۆن و مۆبایل و كۆمپیوتەر لە خۆمان دور بخەینەوە یان بیانكوژێنینەوە. 

8. سەرخەو شكاندنی نیوەڕوان بەسوودە، هەرچەندە زۆر لە ناوەندە زانستییەكان باس لەوە دەكەن سەر خەوشكاندن سوودی هەیە، بەڵام نابێت ئەو خەوتنە كاتێكی زۆر بخایەنێت، چونكە لەو حاڵەتەدا ئەوە كاریگەری دەبێت ‌و ڕەنگە ببێتە هۆی خەو زڕاندن لەشەودا. 

9. بیركەوتنەوەی ئەو خەونانەی دەبینرێت نیشانەیە بۆ خەوێكی باش، توێژینەوەیەكی فەرەنسی دەریخستووە ئەو كەسانەی كە ئەو خەونانەی بە شەو دەیبینن بە ڕۆژ بە تەواوی بیریان بمێنێت، مانای ئەوەیە ئەو كەسە چاڵاكی ژیری زۆر بەرزە، بەڵام ئەمەش بۆ خۆی خەوشەكەی لەوەدایە كە ڕەنگە ئەو حاڵەتە كاریگەری بۆ چۆنییەتی خەوی كەسەكە هەبێت.

كەشتی نووح