چۆن كەباب بخۆین ... !!

23/05/2019 - 08:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

كەباب یەكێكە لە بەناوبانگترین خواردنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناواڕاست بە هۆی بۆن و تامەكەیەوە.

- كەباب خواردنێكی خوازراوە بەشێوەیەكی گشتی كە پێكهاتووە لە گۆشتی گوێرەكە یان بەرخ لەگەڵ چەوری ئاژەڵ بەتایبەتی دوگی مەڕ دروست دەكرێت یان لەبەی مەڕو ماڵات.

- كەباب سوودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆر لە پرۆتینی ئاژەڵی تێدایە لەگەڵ بوونی چەوری ئاژەڵ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە زیادەڕۆیی تێدا نەكرێت، پرۆتین كاری درووستبوونی ماسولكەو زیندە چاڵاكییەكانی لەش بەشدارە هەروەها دەچێتە پێكهاتەی خوێنەوە، چونكە رێژەیەكی باشی ئاسنی تێدایە گرنگە بۆ خرۆكە سورەكانی خوێن ئۆكسجین دەگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تری جەستە، چەورییەكەشی سەرچاوەی ترشە چەورییەكان و ووزەو ڤیتامینەكانە. 

بەڵام لە هەمان كاتدا ئەگەر هاتوو كەباب ڕێژەیەكی زۆر بخورێت بێگومان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەینێت بەهۆی بوونی ڕێژەی زیاتر لە (35%) پێكهاتەی كەبابە بە چەوری كە چەورییەكەشی چەوری تێرە نا تەندروستانە كۆلیسترۆڵ زیاد دەكات و كار دەكاتە سەر بۆرییەكانی دڵ هەروەها لەكاتی برژاندندا مادەی ئەماین دروست دەكات كە كاریگەری لەسەر تەندروستی هەیە. 

ڕێژەیەكی زۆری خوێی تێدا بەكاردێت بۆ كەباب بە جۆرێك كە بۆ یەك كەباب (7) گرام خوێ بەكاردێت كە مرۆڤ نابێت رۆژانە لە (6) گرام زیاتر خوێ بخوات، لەهەمان كاتدا (یوریك ئەسید) زیاد دەكات كە كار دەكاتە سەر جومگەكان و گورچیلە دەكات.

بەپێی ئەو توێژینەوە زانستیانەی لە كوردستاندا لەسەر كەباب كراوە، لە توێژینەوەیەكدا دەركەوتووە، هەموو ئەو نموونانەی وەرگیراوە لە كەباب پیس بوون بە بەكتریا پێش برژاندن، بەڵام دواتر دوای برژاندن بەكتریا هەر هەبووە، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر، هەروەها رێژەی (53%) بەكتریای كۆلیفۆرمی تێدا بووە پێش براژندن لە كاتێكدا دوایی برژاندن دابەزیوە بۆ ڕێژەی لە (10%)، كەواتە بوونی بەكتریا بە ڕێژەیەكی زۆر دەگەرێتەوە بۆ پابەند نەبوون بە سەلامەتی و پاكوخاوێنی.

هەوڵ بدرێت ئەم خاڵانە بە هێند وەرگیرێت: 

1. دڵنیا بوون لە سەلامەتی ئەو گۆشتەی كە بەكاردێت بۆ كەباب. 

2. شوێنی ئامادەكردنەكەی تا چەندێك تەندروستە. 

3. پاكو خاوێنی كەسێتی ئەو كەسانەی كەباب دروست دەكەن، لەڕووی پشكنینی تەندروستی كارمەندەكەو بەكارهێنانی كڵێ‌ و و سەدریەو دەستكێش بە پێی ڕێنمایەكان. 

4. ئەو شتانەی كە بەكاردێن تاچەند تەندروستن و پاك دەكرێنەوە بە جوانی. 

5. ئەو ئاوەی بەكاردێت بۆ دەست تەڕكردن بۆ دروستكردنی كەباب سەرچاوەی سەرەكی دروستبوونی نەخۆشیە. 

بۆیە گرنگە دڵنیا بینەوە لە كوێ كەباب دەخۆین و چۆن و چەند دەخۆین تاكو تەندروستیەكی باشترمان هەبێت.

لەشكر حەمید – ئەندازیاری خۆراك