ئەم خوانە مێشك تێك دەدەن

30/05/2019 - 10:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

مێشكی مرۆڤ بەشێوەیەكی نمونەی لە (100) ملیۆن خانە پێكدێت، وە ناشتوانێت بەبێ مێشكت بژیت، هەربۆیە مێشك بەیەكێك لە گرنگترین ئەندامەكانی لەش دادەنرێت، زۆر گرنگە كە پارێزگاری لە تەندروستی مێشك بكرێت.

زاناكان دەڵێن، مێشك وەك ماسولكەیەكە كە زیاتر بەكاردەهێنرێت و بەهێزتر دەبێت، بەڵام چەندان نەریت و خوی رۆژانە هەن كە زیان بە مێشك دەگەیەنێت، ئەمانەش هەندێكن لەو نەریتانەی دەبنە هۆی زیانگەیاندن بەمێشك.

یەكەم: جگەرەكێشان، هەموومان دەزانین كە كێشانی جگەرە خراپە بۆ دڵ و سییەكان، كێشانی جگەرە بەشێوەیەكی بەردەوام كرداری پیربوون خێراتر دەكات و وا لەپێست دەكات كە هیلاك دەربكەوێت، كێشانی جگەرە بەهەمان شێوە خراپە بۆ مێشك و دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسوولكەكانی مێشك كاتێك گرژبوون دروست بوو مێشك تووشی چەندان حاڵەتی جۆراوجۆر دەبێت.

دووەم: مێشك نزیكەی (75%) لەئاو پێكدێت، وشكبوونەوەی لەش كار لە مێشك دەكات، هەر بۆیە كەم ئاو خواردنەوە زیان بە مێشك دەگەیەنێت، پێویستە هەموو كەسێكی ئاسایی رۆژانە دوو لیتر ئاو بخواتەوە بۆ ئەوەی لەش بە شێداری بمێنێتەوە، چونكە ئاو رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە لەشدا بۆ بنیاتنانی خانەكان و شانەو ئەندام بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دروست كارەكانیان بكەن، هەربۆیە كەم ئاوخواردنەوە دەبێتە هۆی گرژبوون و زیانگەیاندن بەخانەكانی مێشك.

سێیەم: زۆر بەكارهێنانی شەكر، سەرچاوەی وزەی سەرەكی مێشك گلوكۆزە كە جۆرێكە لە شەكر، نزیكەی (50%) گلوكۆزی لەش لە رێگەی مێشكەوە بەكار دەهێنرێت، بەهەمان شێوە زۆربوونی گلوكۆز لە لەشدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە مێشك بەتایبەتی زیان بە خانەكانی مێشك و گەیاندنە دەمارییەكان، هەروەها مێشك بێبەش دەكات لە ئۆكسجین و پێكهاتەی خۆراكی و رێژەی شەكری خوێن بەرز دەكاتەوە.

چوارەم: خواردنەوە كهوولییەكان، رەنگە خواردنەوە كهوولییەكان ئەگەر مامناوەندبن لە رووی قورسییەوە زیانێكی ئەوتۆی نەبێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام بخورێتەوە وەك چۆن جگەرە بەكاردەهێنرێت، ئەوە زیانێكی زۆر بە مێشك دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی گرژبوون و ئەو نەخۆشییانەی كە تووشی مێشك دەبنەوە.

پێنجەم: بۆ ئەوەی مێشك چاڵاك ببێتەوەو بیرو هۆش فراوان ببێت پێویستە لە شەودا نزیكەی حەوت بۆ نۆ سەعات بخەویت، بۆیە كەمخەوی زیان بە مێشكتان دەگەیەنێت، بەپێی توێژینەوەی پزیشكی كەمخەوی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەمێشك و هیلاكبوونی مێشك یان كۆبوونەوەی ژەهر لە مێشكدا هەروەها مردنی خانەكانی مێشك.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر