لەیەكەم رۆژی جەژن لەم خواردنانە دووربكەونەوە

04/06/2019 - 07:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

دكتۆرێك داوا دەكات ئەو كەسانەی لە رەمەزاندا بەڕۆژووبوون و بە هۆیەوە میتابۆلیزیان خاو بۆتەوەو نەخۆشی دڵیان لەگەڵە لە رۆژانی جەژندا، دوور بكەونەوە لە شیرینی زۆرو خواردنی سوێر كە دواجار دەبنە هۆكاری كێشەی تەندروستی بۆ دڵیان.

پسپۆڕی نەخۆشیەكانی دڵ و دەمارەكان لە زانكۆی زانستی تەندروستی، ئاماژە بەوە دەكات كە نەخۆشی دڵ یەكێكە لە نەخۆشییە هەستیارەكان و دەبێت بەردەوام ئاگاداری خۆیان بن و هەندێك رێوشوێن هەیە تووشبوان بیگرنە بەر كە سەرەتا خۆی لە سیستەمی خۆراكدا دەبینێتەوە.

پسپۆری نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان ئاماژە بەوە دەكات لەبری پێدانی دیەتێكی دیاریكراو، پێشنیاز دەكات خواردنی سەوزەو میوەو شلەمەنی زیاد بكرێت و دوور بكەونەوە لە خۆراكە ئاژەڵییەكان و ئەو گۆشتانەشی كە پێویستە بیخۆن لەشێوەی برژاو، كوڵاو یان بەبوخاردا بن باشترە.

(د. مورات چەلیك) هۆشداری دەدات كە ئەوانەی نەخۆشی دڵیان لەگەڵە نابێت ئەو بەرهەمانە بخۆن كە چەوری تێكچوویان لەنێودایەو دەڵێت، لە بەرهەمەكانی شیر، گۆشتی سپی و سووردا چەوری تێكچوو كەمە، لە خۆراكە ئامادەكراوەكاندا وەك سەلامی (سۆسیج و هاوشێوەكانی) رۆنی تێكچووی زۆری لەنێودایە، رەنگە ئەوانەیش كاریگەری بكەنە ‌سەر دیوارەكانی دڵ و ببنە هۆی خراپبوونی نەخۆشییەكە یان تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە، دووربكەونەوە لە خواردنە لەقوتونراوەكان، ئەو نەخۆشانەی پەستانی خوێنیان هەیە پێویستە وریابن لە بەكاربردنی خوێدا، لەناو دۆشاو، پەنیرو خۆراكە خۆشكراوەكاندا رێژەیەكی زۆر خوێ هەیە، پێویستە ئەوانەیش لە رێژەیەكی دیاریكراودا بەكارببرێن.

ئەو پسپۆرە باسی لەوەشكردووە، كە خەڵكی هەوڵ دەدەن لە جەژنداو لە دوای مانگێك رۆژووگرتن ئەو خواردنانە زۆرتر بخۆن كە لێی دووربوون، هاوكات ئامۆژگاری بۆ جەژن خستەڕوو وتی: لە جەژندا كەم و ناوە ناو بخۆن، زۆر شیرینی مەخۆن، ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە كاتێك خواردنێك دەخۆن كە رێژەی شەكر تیایاندا بەرزە لە ماوەیەكی كەمدا ئاستی شەكر لە لەشیاندا ناهاوسەنگ دەبێت و بە هۆیەوە نەخۆشییەكەی بەرەوخراپبوون دەچێت، بۆ ئەوەی لە جەژندا دڵتان قورسایی نەكەوێتە سەر وریابن لەو شتانەی دەیخۆن.