بۆ ئەوەی لەهاوین كەمتر ئارەقە بكەین، ئەم ڕێگەیانە بگرنە بەر

10/06/2019 - 07:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/تەندروستی

 

 

بەهۆی بەهێزی تینی خۆرەوە لە وەرزی هاویندا، لەش زیاتر گەرم دەبێت و لەو سۆنگەیەوە ئارەقەیەكی زۆر دەكەین و ئاوی لەشمان كەم دەبێتەوە.

بەشێك لە خەڵكیش سروشتی خۆیان وایە كە زۆر زۆر ئارەقە دەكەن و بەهۆشییەوە تووشی شەرمەزاری و تێكچوونی رەنگی جلەكانیان دەبن، ئەگەر تۆ یەكێكیت لەوانەی كە رۆژانە زۆر ئارەقە دەكەیت، ئەوە چەند رێگایەك هەیە كە رێگە لە ئارەقە دەگرێت پێویستە رەچاوی ئەم چەند خاڵە بكرێت. 

1. بەشێك لە خۆراكەكان دەبنە هۆی ئەوەی كە بۆنی ناخۆش و ئارەقە دروست بكەن، هەر بۆیە لە خۆراكی ناتەندروست خۆت بەدوور بگرە، هەر بۆیە بە تایبەت لەكاتێكدا لە دەرەوەیت خۆت بەدوور بگرە لە خۆراكی تیژ، چونكە زۆر كات ئەو خواردنانەی لە دەرەوە ئامادە دەكرێن زیاتر تیژن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی برێكی زیاتر ئارەقە بكەیت، كەمتر ئەو شتانە بخۆنەوە كە كافیینیان تێدایە، خواردنەوەی چاو قاوەو ساردییەكان لە وەرزی گەرمادا زیاتر ئارەقەت پێ دەكەن، بۆیە كەمتر بیخۆ، هەروەها بەهارات زۆر بە خواردنتانەوە مەكەن، بەهارات پلەی گەرمی لەش بەرز دەكەنەوەو ئارەقەمان پێ دەكەن، خواردنی كۆمەڵە سەوزەیەكی وەك سیرو پیازیش كار لەسەر بۆنی ئارەقە دەكەن و بۆگەنتری دەكەن، بەڵام خۆ ناكرێ یەكسەر بەلایانەوە بنێی، ئەوەندەیە بەهاراتی خواردنەكان كەم بكەینەوە باشترە. 

2. بەكارهێنانی پەتاتە، رێگایەكی تر بۆ كەمكردنەوەی ئارەقە رژێنەكان ئەوەیە كە پەتاتەی خاو بەكاربهێنرێت وەك شێداركەرەوەیەك، ئەم سەوزەیە تایبەتمەندی تەركردن و مژینی پێكهاتەی تری هەیە، پەتاتەیەك بەشێوەی بازنەی قاش بكەو پاشان بۆ ئەو شوێنەی بەكاربهێنە كە تووشی ئارەقكردنەوە دەبێت بەجێی بهێڵە تا وشك دەبێتەوە، رێگایەكی تر بۆ بەكارهێنانی پەتاتە ئەوەیە كە ئاوی پەتاتەكە جیابكرێتەوە لە رێگەی پارچە لۆكەیەكەوە ئەو شوێنەی پێ تەر بكرێت كە تووشی ئارەقكردنەوە دەبێت بەم شێوەیە رێگە لە دووبارە ئارەقكردنەوە دەگرێت. 

3. سركەی سێو، یەكێكە لە كەرەستەكانی چێشتخانە یارمەتی پاككردنەوە دەدات و بری ئارق كەم دەكاتەوە، بەشێوەیەكی ئاسایی كەمێك سركەی سێو بكەرە سەر پارچە لۆكەیەك و پاشان بۆ ئەو شوێنەی بەكاربهێنە كە بەردەوام تووشی ئارەقكردنەوە دەبێت، وەك بنباڵ و ناو لەپی دەستەكان و پێیەكان، بەشێوەیەكی سروشتی سركەی سێو یارمەتی رێكخستنی (pH) لەش دەدات و رێگە لە گەشەی بەكتریاكان دەگرێت و كونیلەی ئارەقە رژێنەكان تەسك دەكاتەوە. 

4. شەوانە خواردنتان سووك بێ، شێوەكەتان با قورس نەبێ ئەگەر شەوانە زۆر ئارەقە دەكەن، بەر لە نوستن خواردنێكی قورس مەخۆن و ئەگەر سووكیش بوو هەر زۆر مەخۆن، چونكە ئەگەر چەند سەعاتێك بەر لە نووستن خواردنێكی سووك بخۆن ئەوا خوارنەكە خێراتر هەرس دەبێت و دامودەزگای هەرسكرن لە كاتی خەودا چاڵاك نابن. 

5. بەردەوام بە لە وەرزشكردن، وەرزشكردن یارمەتی رێكخستن و كەمكردنەوەی ئارەقی زیاد لە پێویست دەدات، وەرزشكردن یارمەتی دەدات كە بری ئارەقكردنەوە كەم ببێتەوەو بەرهەمهێنانی كەم بكاتەوە، ئەگەر كێشی زیادت هەڵگرت ئەوە برێكی زیاتر چەوری لەش دەسوتێنرێت و بەم شێوەیەش بەرهەمهێنانی ئارەق كەم دەبێتەوە بەهۆی كەمبوونەوەی كێشی لەشەوە. 

6. ئاوی زۆر سارد مەخۆنەوە، خواردنەوەی شلەمەنییە زۆر ساردەكان زۆر بە خێرایی تین و گەرمای لەش دەگۆڕن و ئارەقەت زیاتر پێ دەكەن، بە پێچەوانەی ئەوەی پێمان وایە ئاوێكی سارد فێنكمان دەكاتەوە، كە جەستە فێنكاییەكەی پێ دەگا، دژكردەوە دەنوێنێ و هەوڵ دەدات خۆی گەرم راگرێ و ئەو زۆركردنەی گەرمایە لەو حاڵەتەدا ئارەقەی زیاترمان پێ دەگا، رێك بە پێچەوانەوە كە خواردنەوەی گەرم دەخۆینەوە لەشمان هەوڵ دەدات خۆی فێنك بكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خواردنەوەی گەرم لە هاویناندا خۆش نییە، باشترین پێشنیار ئەوەیە شلەمەنی و ئاوەكییە شلەتینەكان بخۆینەوە. 

7. بەكارهێنانی چای رەش، خواردنەوەی چای رەش یارمەتی رێكخستنی ئارەقە رژێنەكان دەدات و كار دەكاتە سەر ئەو بەشانەی لەش كە زیاتر تووشی ئارەقكردنەوە دەبن، دوو كیسە چای رەش بهێنە پاشان بیكە ئاوی گەرمەوە هەتا بەتەواوی رەنگ دەداتەوەو دواتر دەستەكان یان پێیەكان بكە ناو چا رەشەكەوە بۆ ماوەی (15) خولەك پاشان بە ئاوی گەرم بیشۆ، ئەگەر بۆ بنباڵەكانت بەكارتهێنا كیسەیەك چا تەر بكەو پاشان بۆ ماوەی (15) خولەك لەژێر باڵت دایبنێ بەم شێوەیە بەرهەمهێنانی ئارەق لەو ناوچەیە كەم دەكاتەوە. 

8. كۆمەڵێك لەزگەی دژە ئارەقە هەن و لە بازاڕەكان زۆرن، ئەوانە لە بن پیل دەدرێن و ئارەقەكە هەڵدەمژن و ناهێڵن پەڵەی بكەوێتە سەر جلەكانتان. هەندێكیشیان هەن بۆگەنی ئارەقە ناهێڵن. 

9. جلوبەرگی روون لەبەرو پێڵاوی چەرمین لەپێ بكەن، كەتان و پەمۆ ئارەقە باش هەڵدەمژن، بەڵام ئەو قوماشانەی نایلۆنیان زۆرە، هەڵینامژن و ئارەقەكە لەسەر جەستە دەمێنێتەوەو بۆگەنی دێت، كەواتە وا باشتر لە وەرزی گەمادا جلوبەرگی ناسك و لە كەتان و پەمۆچنراو لەبەر بكەین و چەندی دەكرێ رەنگیشیان سپی بێ باشترە، چونكە تیشكی خۆر زۆر راناگرن، بۆ پێڵاویش وا باشترە پێڵاوی هاوینی كونكون و پێش ئاوەڵا لەپێ بكەین، چونكە پێڵاوی داخراو بۆن دەكا.

ماكوان عیززە‌ت – هەولێر