جێگرێكی بەغدادی و 12 سەركردەی تیرۆیستی داعش كوژران

30/07/2016 - 12:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

لە بۆردومانێکی فرۆکە جەنگییەکانی عێراق، کوژرانی یاریدەدەرێكی ئەبوبەکر بەغدادی و چەند سەركردەیەكی دیاری گروپی تیرۆریستی داعش راگەیاندرا.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاوكرایەوە شانەی جەنگیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عیراق بڵاوكرایەوە: هێزەكانی سوپای عیراق جوڵەیەكی نائاساییان لە ناوچەی قائیمی سەربە پارێزگای ئەنبار تۆماركردوە و پاش ئاراستەكردنی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ ناوچەكە، ئامانجە دیاریكراوەكان پێكراون و لەناوبراون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە بۆردومانەکە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی داعشی کردۆتە ئامانج و جگە لە کوژرانی یاریدەدەرێكی بەغدادی و 12 سەركردەی رێكخراوەكە، 11ی دیكەش برینداربون و بارەگای كۆبونەوەكەش خاپوركراوە .

هەرچەندە بەیاننامەكە ئاماژەی بە ناوی كوژراوەكان نەكردوە، بەڵام پلە و پۆستی هەندێكیانی بڵاوكردۆتەوە، كە بریتین لە : جێگرێكی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش، والی فەللوجە، والی فورات، جێگری وەزیری جەنگیی داعش و چەند گەورە تیرۆریستێكی بیانی.

ش.م