دادگای باڵای عێراق لەسەر ماددەی 140 ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

30/07/2019 - 13:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕایدەگەیەنێت: لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماددەی 140ی تاوتوێكراو بڕیار درا تا ئەوكاتەی سەرجەم ئامانجەكانی ماددەی 140 جێبەجێدەكرێت، كاركردن بە ماددەكە بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ سێ شەممە 30-7-2019، ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: بە سەرۆكایەتی قازی مەدحەت مەحمود و بە بەشداری ئەندامانی دیكە دادگای باڵای عێراق دانیشتنی خۆی ئەنجامدا و تیایدا لەسەر داوای ئەنجومەنی نوێنەران ماددەی 140ی تاوتوێكرا.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: دادگای باڵا بەداواداچونی لەسەر پرسەكە كرد، ماددەی 140 ی دەستوری عێراق بۆ ساڵی 2005 داوای لە دەسەڵاتی جێبەجێكار كردوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی داواكاریەكانی ماددەی 58 لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی راگوزەری هەنگاوبنێن و سەرجەم برگەكانی جێبەجێبكەن، كە تا ئێستاش بە گەڕانەوە بۆ هەنگاوەكانی ماددەی 143 كاریپێدەكرێت.


ئەوەشی خستەڕوو: دادگای باڵا بۆی دەركەوتوە ئەو هەنگاوانەی ماددەی 140 تەواونەكراون و بەشێكیان تا ئێستا كاریان بۆ نەكراوە.


ئاماژەی بەوەشكرد: جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستور ئەركێكی داواكراوە و پێویستە بە تەواوی جێبەجێبكرێت و دادگا بڕیاریداوە بە بەردەوامبونی ماددەی 140 تا ئەو كاتەی بەتەواوی سەرجەم ئامانجەكانی جێبەجێدەكرێت.