زانیاری لە بارەی گەیشتنی پارەی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە دەخرێتە ڕوو

16/09/2019 - 18:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

بەرپرسێكی بانكی ناوەندی عێراق زانیاری لە بارەی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەدات كە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانەی دەكات.

عابد مزووری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "تاوەكو ئەمڕۆ فەرمانی خەرجكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بۆمان نەهاتووە، بەڵام پارەكە بەم نزیكانە دێت".

روونیشی كردەوە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراق لەسەر هڵێن بۆ ئەوەی فەرمانی تەمویلی پارەكە زووتر رەوانە بكرێت.

عابد مزووری فەرمانبەرانی دڵنیا كردەوە، کە لقی هەولێری بانكی ناوەندی پارەی پێویستی لەبەر دەستە و هیچ كێشەیەكی نییە، گوتی: "تەنها فەرمانەكەمان بۆ بێت، راستەوخۆ پارەكە دەدرێتە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران“.

لە لایەن بەغداوە مانگانە بڕی 453 ملیار دینار دەنێردێت بۆ تەواوكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان.

پێشتر د.ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  راگەیاندبوو: "ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی نییە، دەبێت سەرۆکوەزیران رازی بێت پاشان لیژنەی بودجە واژووی دەکات ئەو کات وەزیری دارایی نووسراو دەکات بۆ ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت".