سەرۆک وەزیران: دەمانەوێت بگەین بە چارەسەرێک کە دانیشتوانى هەرێم و عێراقیش پێی ڕازی بن

19/09/2019 - 10:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشکرایکرد، لەبارەى کەرکوکەوە نزیکن لەوەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بگەن بە چارەسەر بۆ ئیدارەدانى پارێزگاکە، دەشڵێت، گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ ئەوەى بگەن بە چارەسەرێک لەگەڵ هەرێمى کوردستان.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ چەند میدیایەکى عێراقى و عەرەبى، عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبارەى کێشەکانى هەرێم و بەغداد وتى: “خەڵکی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە گەلانی عێراق، بۆیە کێشەکانی ئەوانیش دەبێت وەکو کێشەی هەر هاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی لە چوارچێوەی دەستوردا یەکلایی بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت و ئەوانیش مافی خۆیانیان هەیە لەم وڵاتە”.

ناوبراو ئەوەشى خستەڕو: “ئێمە پەوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمدا لەژێر ڕۆشنایی دەستوردا بونیادناوە و هەر ئاواش بەردەوام دەبێت، لە دەستور لانادەین و پێشێلی ناکەین و خەڵکی هەرێم پشتگوی ناخەین”.

“لە یاسای بودجەدا هاتوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەوا پێویستە بەشە لە بەشە بودجەی هەریم ببڕدرێت، ئێمەش بە بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیلەمان لە بودجەى هەرێم بڕیوە، بەڵام دەبێت بەردوام بین لە گوفتوگۆکردن لەگەڵ هەرێمدا، کە ئەمڕۆش گفتوگۆکراوە، بۆ ئەوەی بگەین بە چارەسەرێک”، عادل عەبدولمەهدى واى وت.

هه‌روه‌ها وتیشی: “لە ساڵی 1991 هەرێمی کوردستان، وڵاتێکی دیکە بو سەربەخۆش بو، سنور و کارکردن و مامەڵەى بۆ خۆی ئەکرد و پەیوەندی لەگەڵ عێراق پچڕابو، بەڵام دواتر ئەوە چارەسەر کرا و ئێستا وڵاتەکەمان یەک وڵاتە”.

لەبارەى ئەوەى کێشەکان لەگەڵ هەرێم چارەسەر ناکرێن و سەرۆکوەزیرانیش گوایە بەرامبەر هەرێم لاوازە، عەبدولمەهدى وتى: “لە ئێستادا لەسەر کێشەکانی کەرکوک، تا ڕادەی 50% گەیشتوینەتە چارەسەر بۆ کێشەکانى دیکەش لە گفتوگۆداین، ئەو کەسانەشی کە هەر قسەیەک دەکەن لەسەر تۆمەتبارکردم و ئێمە بە گەندەڵ و لاواز و یان هەبوونی کێشەی گەورە لەگەڵ هەریم، ئەوا وەک بەشێک لە دیموکراسی و مافی ڕادەربڕین وەریدەگرین و وەڵامى هەموو شت نادەینەوە”.