تووش بوون بە ئایدز لەعێراق بەرز دەبێتەوە

14/04/2019 - 10:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، تا كۆتایی ساڵی ڕابردوو (377) تووشبووی ئایدز تۆماركراوەو ڕێژەی پشكنینی توشبوانیش لە (30%) زیادیكردووە.

(بەهجەت عەبدولرەزا) بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ ئایدز لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، تەنها لە ساڵی (2018) دا (244) كەس تووشی ئایدزبوونە لەكاتێكدا لە ساڵی (2017) دا تەنها (96) توشبوو تۆماركراوە.

ڕاشیگەیاند، ڕێژەی توشبوونی پیاوان زیاترە لە ئافرەتان بە جۆرێك لە ساڵی (2018) دا (202) پیاو تووشی ئایدزبوونە بەرانبەر بە (22) ئافرەت.

ڕونیشیكردەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا توشبوانی نەخۆشیەكە ڕووی لە دابەزین كردووە بەهۆی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و نەبوونی شوێنی كۆمەڵایەتی بەبێ مۆڵەت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی كەمی هۆشیاری و نەبوونی چاودێری تەندروستی و شەڕو وێرانكاری و ئاوارابوونەوە بەشێوەیەكی بەربڵاو ئایدز زیادی كردووە.