بەفڕۆكەی (F 35) ، ئەمریكا لە عێراق هێرشی كردە سەر داعش

02/05/2019 - 08:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

ئەمریكا بۆ یەكەمجار لە هێرشێكیدا بۆسەر ئامانجەكانی گروپە چەكدارەكانی داعش لە ناوچەی دۆڵی چا باكووری عێراق، فڕۆكەی (ئێف 35) ی بەكارهێنا.

لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن بنكەی ئاسمانی ویلایەتی یۆتا سەربە هێزەكانی ئاسمانی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەكراوە، هێزەكانی هاوپەیمانی دژبە داعش لە هێرشەكانیاندا بۆسەر ئامانجەكانی داعش لە باكوری عێراق، دوو فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 یان بەكارهێناوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە، دوو فڕۆكەی (ئێف 35) ی سەربە پۆلە فڕۆكەی راوچی (388 و 419) رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كراون و هاوپەیمانی دژبە داعش لە هێرشێكیاندا لە ناوچەی دۆڵی چا نێوان كەركوك و دیالە بەكاریان هێناوە.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەشكراوە، كە ئەو هێرشە یەكەم ئەركی فڕۆكەكانی (ئێف 35) بووەو تێیدا مووشەكی (JDAM) بەكارهێندراوەو لە چیای حەمرین تونێل و كۆگاكانی چەكی داعشی پێ كراوەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو، كە فڕۆكەكان لە (15) ی نیساندا رەوانەی بنكەی ئاسمانی زەفرەی ئیمارات كراون.

هاوپەیمانی دژبە داعش رایگەیاندبوو، لەو ناوچەیەدا هێرشیان كردۆتە سەر شانە نوستووەكانی داعش.

پێشتر ئەمریكا لە ئەفغانستان فڕۆكەی جۆری F-35B ی بەكارهێنابوو كە توانای نیشتنەوەو بەرزبوونەوەی ستوونی هەیە.