بۆیه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆیدا عێراق زۆرترین كاره‌بایی به‌رهه‌م هێنا

15/05/2019 - 13:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

ئەگەرچی وڵاتی عێراق بەدەست كەمی كارەباوە دەناڵێنێت و زۆربەی شارەكان پشت بە مڵیدە دەبەستن ، بەڵام لە ئێستادا حكومەت توانیوەتی زۆرترین كارەبا لە مێژووی ئەم وڵاتە بەرهەم بهێنێت و وەزیری وزەی عێراق ئاشكرای دەكات، بەرهەمی كارەبای ( 16) هەزار مێگاواتی تێپەڕاندوە.

لوئەی خەتیب وەزیری وزەی عێراق لە لێدوانێكیدا رایگەیاند : بەرهەمی كارەبا (16 ) هەزار و (300) مێگاواتی تێپەڕاندوە و لەئێستادا جیاوازی لەنێوان داخوازی و بەرهەم گەیشتوەتە هەزار و (700 ) مێگاوات.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئەوە یەكەمجارە بەرهەم لە عیراقدا بگاتە ئەو ژمارەیە و سەرەڕای بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما دەتوانین (20) بۆ (24) كاتژمێر لە رۆژێكدا كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، ئامانجی وەزارەتی كارەباش ئەوەیە لەمساڵدا بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 18 هەزار مێگاوات.

خەتیب ئەوەشی بۆ رۆژنامەی سەباح ئاشكرا كردوە، ئەگەر زیادەڕەویەكان لەسەر تۆڕەكانی كارەبا لاببرێن ئەوا لەوەرزی هاویندا كاتژمێری زیاتر كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت لەچاو وەرزی رابردودا.