سەدر سەركۆنەی بۆردومانەكانی توركیا دەكات بۆ سنوورەكانی هەرێم

14/06/2019 - 14:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/عێراقی

 

 

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئیدانەی هێرشەكانی سوپای توركیا دەكات بۆسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و داوا لە حكومەتی عێراقیش دەكات ئەو ڕێككەوتنانە هەڵوەشێنێتەوە، كە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر سەرەوەری عێراق.

(موقتەدا سەدر) ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە توویتێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر هەڵوێستی خۆی دژ بە بۆردوومانەكانی سوپای توركیا لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامەكەیدا، ئیدانەی هێرشەكانی سوپای توركیا دەكات بۆسەر خاكی باشوری كوردستان و بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق ناوی دەبات، داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، كە ئەو ڕێككەوتنانە هەڵوەشێنێتەوە كە سەروەری خاكی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها داوادەكات خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر توركیا بەكارنەیەت.

سەرۆكی ڕەوتی سەدر، لە تویتەكەیدا سێ جار لەبارەی بۆردومانەكانی سوپای توركیاوە وشەی (ڕێككەوتن) بەكاردەهێنێت، جارێك دەڵێت: ئیدانەی بۆردوومانەكانی دەوڵەتی توركیا دەكەین كە دەیكاتە سەر خاكی عێراق، ئەگەر بە ڕێككەوتنیش بێت، چونكە ئەو ڕێككەوتنانە شەرمنانەو بێ واتایە.

جارێكی دیكەش ڕووی دەم لە حكومەتی عێراق دەكات و جەخت لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو ڕێككەوتنانە دەكاتەوە، كە هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری خاكی عێراق و دەڵێت: حكومەتی عێراق ئەركیەتی كە سەروەری خۆی بپارێزێت.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر بۆ جاری سێیەم باسی ڕێككەوتن دەهێنێتەوە ناو پەیامەكەیی و دەڵێت: دەبێت ڕێككەوتنەكان لە بەرژەوەندی هەردوولابێت، كە بۆردوومانی تیرۆرستان بكرێت، نەك ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو وڵات.

(موقتەدا سەدر) داواش لە حكومەتی توركیا دەكات، كە بەشێوەیەكی ئاشتەوایی و لەسەر بنەمای دانووستانێك، كە سەلامەتی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەردوولا بپارێزرێت، بەڕێگەیەكی سەردەمیانەو لۆژیكی، كۆتایی بە دۆسیەی ئۆپۆزسیۆن بهێنێت.

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر هۆشداری دەدات، كە ناوچەكە لە حاڵەتی كوڵاندایە، بۆیە پێویست ناكات لەوە زیاتر ڕێگە بدرێت بە بۆردوومانكردنی ناوچە سنوورییەكان، یاخود هەر كردەوەیەك كە پاراستن و ئاسایش تێكبدات.

دوای پەیامەكەی سەدر، (فاتح یەڵدز) باڵیۆزی توركیا لە بەغدا، لەسەر تویتەرەكەی ناڕەزایەتی نیشانداوەو بانگەشەی ئەوەی كردووە كە پەكەكە ئۆپۆزیسیۆن نییە.