پیاوە بێوەژنەكە ئاشكرابوو 

31/05/2016 - 11:41 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو - هونەر نامق

 

بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی نهێنیه‌كی سه‌یر له‌ باره‌ی پیاوێك ئاشكرا ده‌كات كه‌ خۆی به‌ بێوه‌ژن تۆماركردووه‌ و چه‌ندین ساڵه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی به‌و ناوه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.


هەمزە مەغدید بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی لەلێدوانێكی تایبەتدا بەكوردیوی راگەیاند :له‌ ماوه‌ی رابردوودا لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ نێوان وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لیستی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مووچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.

ناوبراو بۆ كوردیو وتی : له‌ ئه‌نجامی به‌دواداچوونی لیژنه‌كه‌ چه‌ندین نهێنی سه‌یر ئاشكرا بووه‌ له‌وانه‌ش چه‌ند ساڵێكه‌ پیاوێك خۆی به‌ بێوه‌ژن تۆماركردوه‌ و مووچه‌ی بێوه‌ژنانه‌ی بۆ خه‌رجكراوه‌".

هەمزە مەغدید بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی بۆ كوردیو وتیشی : ئه‌و كه‌سه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ به‌ پاسه‌وان ناوی هه‌یه‌و هه‌مان ناو له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ ناوی‌ هه‌یه‌و له‌وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدانیش به‌ ئه‌نفالكراو ناوی‌ هه‌یه‌ واتا 4 مووچه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا وه‌رگرتووه‌ .


بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەلایەتی بۆ كوردیو وتیشی : سەرۆكی رێكخراوێكی كەم ئەندامان هاتۆتەلام و لیستێكی 200 ناوی پێداوم و وتویەتی ئەو ناوانە بەكەم ئەندام نوسراون لای من بەلام موستەحەق نین و داوای كردووە كە لێكوڵاینەوەیان لەگەل بكرێت و موچەكانیان ببردرێت .


لای خۆشیەوە محمد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەلایەتی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: ئیجرائات له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌و مووچانه‌ی پێشووتر وه‌ری گرتووه‌ له‌ رێگه‌ی یاسا لێی وه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

ناوبراو وتویەتیشی خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه‌ به‌ فێڵ و نایاسایی مووچه‌ی تۆڕی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و مووچه‌ی كه‌م ئه‌ندامی وه‌رگرتووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێنه‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و به‌ یه‌ك دۆسیه‌ لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌مووئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

 



هونەر بانەگوڵانی