سیستمی تەندروستی لە هەرێم بە ئەلكترۆنی دەكرێت

30/06/2016 - 12:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێم بە ئەلكترۆنیكردنی‌ سیستمی‌ زانیاری‌ تەندروستی‌ راگەیاند و ئاماژەی بەوەش كرد تاوەكو كۆتای ساڵ دەگاتە30 نەخۆشخانە.

 

د.رێكەوت حەمە رەشید وەزیری‌ تەندروستی‌ حكومەتی‌ هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی‌ ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بە ئەلكترۆنیكردنی‌ سیستمی‌ زانیاری‌ تەندروستی‌ بۆ چەند نەخۆشخانەیەك دانراوە و تا ئێستا توانراوە زۆر سەركەوتوانە سیستمەكە لە 15نەخۆشخانەو مەڵبەندی‌ تەندروستی‌ لە سەرتاسەری‌ هەرێم جێبەجێ بكرێت و نزیكەی‌ 700 پزیشك خولیان بینیوە بۆ ئاشنابون بەو سیستمە.

 

وەزیری‌ تەندروستی‌ وتیشی‌: هەنگاوەكان بەردەوامەو تا كۆتایی‌ ئەمساڵ ئەو دامەزراوە تەندروستیانەی‌ كە ئەم سیستمە بەكاردەهێنن بگاتە 30 نەخۆشخانەو بنكەی‌ تەندروستی‌ لە سەرتاسەری‌ هەرێم .

 

وەزیری‌ تەندروستی‌ هەروەها راشیگەیاند: لەپلانەاندایە لەچوار ساڵی‌ داهاتوودا لەتەواوی‌ دامەزراوە تەندروستیەكانی‌ هەرێم ئەو سیستمە پەیرەو بكرێت ، وە هاوكات بنەمایەك بێت بۆ دروستكردنی‌ كارتی‌ ئەلكترۆنی‌ زانیاری‌ تەندروستی‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هەرێم كە بەشێوە فەرمی‌ داوامان لەوەزارەتی‌ دەرەوەی‌ ئیتاڵیا كردوە كە بیرلەوە بكەنەوە كە پرۆژیەكی‌ وامان هەبێت و ئەوانیش پەیمانیان داوە ئەو بابەتە بخەنە روو لەوەزارەتی‌ دەرەوە.

 


سەلام بێستانسوری