یەكێتی و گۆڕان شەش ڕۆژە چاوەڕێی وەڵامی پارتین

04/07/2016 - 09:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو ـ سلێمانی ـ یانی یادگار
وەفدی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كۆبونەوەو ، بەرپرسێكی یەكێتیش رایگەیاند داوای فەرمیان لەپارتی كردوە بۆكۆبونەوەو ئێستا چاوەڕوانی وەلامن.

 

وەفدی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە درێژەی سەردان و كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە شاری سلێمانی لەگەل ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كۆبونەوە.

 

دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن خرایەڕوو نوێنەری رێكخراوەكانی وتی: یەكێتی و گۆڕان ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەی نێوانیان بۆ باس كردین كە رێكەوتنێكی تێر و تەسەلە و لە كاتێكدایە قەیرانێكی سیاسی و ئابوری لە هەرێمی كوردستان هەیە، هیوامان وایە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و چارەسەری دۆخی چەقبەستوی كوردستان بكات .

 

وەفدی گۆران و یەكێتیش ئاماژەیان بەوەكرد تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان ماوە بۆ سەردانیكردن و رونكردنەوەی رێكەوتنەكە سەردانی بكەن ، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕەسمی داوای كۆبونەوەیان كردووەو چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەكەن بۆ كۆبونەوە.

 

ئیكرام عەلی ئەندامی لیژنەی سیاسی لە وەفدی هاوبەشی گۆران و یەكێتی وتی:" زیاتر لە 35 حزب و ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدنی پشتیوانی لە رێكەوتنەكەمان دەكەن و
شەش رۆژە داوای ڕەسمیمان ئاراستەی پارتی كردوە بۆ كۆبونەوەو ئێستا چاوەڕێی وەڵامین".



دوای راگەیاندنی رێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ناوەڕاستی مانگی رابردودا، هەردولا وەفدێكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و رونكردنەوەی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكەی نێوانیان ، تائێستاش تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان ماوە كە وەڵامی داواكاری سەردانی وەفدەكەی نەداوەتەوە.

 

 

 


سەلام بێستاسنوری