پەیامێكی نوێی یەكێتی دەربارەی بەشداری كردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە

30/06/2019 - 14:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد تا (11) مانگی داهاتوو كات بۆیەكێتی دیاری كراوە ،ئەگینا بەبێ ئەو حزبە حكومەت پێكدەهێنین ، لەلایەن خۆیەوە بەر پرسێكی یەكێتی ئاشكرای دەكات، حزبەكەی كێشەی كاتی نییە و بەشێك لە كاندیدەكانی بۆ كابینەی نوێ یەكلایی كردووەتەوە، بەڵام هێشتا بەرچاویان رون نییە كە بەشداری كابینەی نوێ دەكەن یان نا.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند : ئێمە كێشەی كاتمان نیە، كێشەی ئەوەمان هەیە تائیستا لەگەڵ پارتی سەبارەت بە پرسی یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك ریكنەكەوتوین، ئەم دوو مەسەلەیە پێكەوە بەستراونەتەوە، كە پرسی كەركوك یەكلابكرێتەوە، ئەوەی تر ئۆتۆماتیكی لەماوەیەكی پێوانەیدا كۆتایی پێدێت.

سەبارەت بەكاندیدەكانیان " ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی راگەیاند : بەشێكی یەكلابووەتەوە و ئەو بەشەی تریشی لە گفتوگۆداین، ئێمە خۆمان بە جدی وەرمان نەگرتووە چونكە تائێستا بەرچاومان رون نییە كە ئایا بەشداری كابینەی نوێ دەكەین یاخود نا، چونكە ئەو پرسە پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەی مەسەلەی كەركوكەوە هەیە، هەركات ئەوە یەكلابووەوە دەتوانین لەكاتێكی كەمدا كاندیدەكان یەكلا بكەینەوە.

ئەسەسەرد ئەوەشی بۆهاوڵاتی ئاشكرا كردوە، پارتی ئارەزوی خۆیەتی كە چ كاتێك دیاریدەكات دەتوانێت پەرلەمانیش كۆبكاتەوە و دەنگ بە كابینەكەی خۆی بدات و هیچ كێشەیەك نییە لەم بارەیەوە.