هۆشداری دەدرێت، دەست بەسەر بڕێكی زۆر خۆراك و ماددەی خراپدا گیرا

02/07/2019 - 09:28 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


لە مانگی رابردوودا لیژنە هاوبەشكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر خۆراك و مادەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە كە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نەبوون و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە، لەناوبراوە.

 

بەپێی راپۆرتی مانگانەی خۆیان لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەمانگی (6)ی (2019)، بەهۆی خراپ بوون و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان دەستیان بەسەر بڕی زیاتر لە (43) تۆن و (810) كیلۆگرام خۆراك و ماددەی ماوەبەسەرچودا گرتووە.

 

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەو خۆراك و ماددە ماوەبەسەرچوانەی لیژنەكان دەستیان بەسەردا گرتووە لە (خواردەمەنی جۆراوجۆر، بۆن و جوانكاری خانمان، ماددەكانی پاككردنەوە و قڕكەری مێرووی خانووە كشتوكاڵیەكان، میوەكان، خواردنەوە گازییەكان) پێكهاتوون كە شیاوی خوارن و بەكارهێنان نەبوون.

 

بەبڕیاری قائیمقامی سلێمانی بەشێكی زۆریان لەناوچەی تانجەرۆ و بەشێكیان لە شوێنی تایبەت و دوورلە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، لەناوبراون و خاوەنەكانیشیان روبەروی رێكاری یاسایی كراونەتەوە.

 

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت له فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی پێك هاتووە ئێستا ژمارەیان‌ (33) لیژنەیە و لە بەرەبەیانێكی زووەوە تا درەنگانێكی شەو سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان دەكەن و لە هەبوونی سەرپێچی خاوەن شوێنەكان ئاگادار دەكەنەوە لە دوبارەبونەوەی سزای مادیی و بەردەوام بوون لەسەرپێچی شوێنەكە روبەروی داخستن دەكەنەوە‌.