د.بەشیر حەداد: بۆساڵی 2020 ناتوانین گەرەنتی بەردەوامبونی موچەی هەرێم بدەین

02/07/2019 - 11:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: مەترسی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2019دا نیە، بەڵام بۆ 2020ناتوانین گەرەنتی بدەین، ئێستاش حكومەتی عیراق هەموو بودجەی هەرێم نانێرێت .


د.بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند:پرسی بودجە بۆ ئەم ساڵی 2019یە كەچەند مانگێكی ماوە مەترسی بڕینی نیە، چونكە ئەوە لەیاسای بودجەدا چەسپێنراوە، بەڵام ناتوانین بۆ ساڵی 2020 گەرەنتی بدەین چۆن دەبێت.


هەروەها ووتیشی: ئەم بڕە پارەیە دەمێنێ كەمتر یا زیاتر؟ چونكە ئەوە پەیوەندی هەیە بە بەرەوپێشچونی ئەو گفتوگۆیانە ئێستا لەنێوان بەغداد و هەولێر هەیە وە ئەو ڕێككەوتنانەی كە چاوەڕوان دەكرێت ئەنجام بدرێت لەنێوان هەردوولادا.


جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ووتیشی: حكومەتی هەرێم پابەندی خۆی دەربڕیووە بەڕادەستكردنی ئەو بڕە نەوتە، بەڵام خۆ ئەگەر ڕادەستیش نەكرا ئەمە لەیاسای بودجەدا چارەسەركراوە كە لەحاڵەتێك ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو ئەوا پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە لەبودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و ئەوەی مایەوە دەیدرێتێ.


ئاماژەی بەوەشكرد: ئێستاش حكومەتی عێراقی هەموو بودجەی هەرێمی نەناردووە بەڵكو پارەی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی لێ بڕیووە، ئەمەش دوبارە لەیاسا جێگەی بۆتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە داوا دەكەین هەرێمی كوردستان ئەم بڕە نەوتە ڕادەستی بەغداد بكات تا بۆ ساڵی 2020 ئەم كێشانە چارەسەر بكات.