"بەرزبونەوەی نرخی هەندێك كەلوپەل، كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست كردوە"

02/07/2019 - 11:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: دەركەوتوە هیچ بەرهەمێكی ناوخۆی هەرێم زیاتر لە 50% پێویستی بەرهەمی ناوخۆ دابین ناكات.


بەختیار شوكری ئەندامی لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەدواداچونمان بۆ ڕێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ كردوەو دەركەوت كە هیچ بەرهەمێكی ناوخۆی هەرێم زیاتر لە 50% پێویستی بەرهەمی ناوخۆ دابین ناكات.


ئەوەشی خستەڕوو: هەندێك بابەت هەیە لە 10% پێویستی ناوخۆ كەمترەو بڕیاری حكومەتی ناوەند بۆ پێناسەی گومرگی بوەتە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی هەندێك كەلوپەل و ئەوەش بەشێوەی نەرێنی كاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست كردوە.


بەختیار شوكری ووتیشی: گرانبونی هەندێك پێناسەی گومرگ ئاساییە، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو بێت نەوەك بە یەكجار قەدەغە بكرێت و كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵك بكات.