ئەگەری هەیە گۆرانكاری لە كاندیدەكانی یەكێتی بكرێت

07/07/2019 - 15:44 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

دوای ئەوەی دوێنێ ئێوارە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدانی پۆستە وەزاریەكان بۆ كابینەی نۆیەم دیاریكرد، ئەمڕۆش ناوەكان لە مەكتەبی سیاسی پەسەندكران، بەڵام بەهۆی ناڕازیی بونی چەند كاندیدێكەوە پێدەچێت گۆڕانكاری لە كاندیدەكاندا بكرێت.

ماڵپەرێكی نزیك لە یەكێتی ئاشكرای كردوە، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەتەوە و كاندیدەكانی بۆ شەش وەزارەت و سێ دەستەی یەكلاییكردوەتەوە، تاوەكو ئاڕاستەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بكرێت، بەڵام چەند كاندیدێك بەو بەركەوتانە رازی نەبون كە بۆیان دیاریكراوە.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، پێدەچێت بەهۆی ناڕازیی بونی ئەو كاندیدانەوە گۆڕانكاری لە كاندیدی چەند پۆستێكدا بكرێت، بەڵام ئەو پڕۆسەیە كار لە پێشكەشكردنی سیڤی كاندیدەكانی یەكێتی بە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ناكات و پڕۆسەكە وەك خۆی بەڕێوەدەچێت.

جێگەی ئاماژەیە چاوەروان دەكرێت رۆژی چوارشەممەی داهاتو پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی بۆ متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت ئەنجامبدات و ناوی سەرجەم كاندیدەكان دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ بۆ پەسەند كردن و متمانەبەخشین پێیان.