دەرماڵەیەك بۆ فەرمانبەران خەرج دەكرێتەوە

09/07/2019 - 08:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بەپێی زانیاریەكان ماوەیەكە لە بەشێكی فەرمانگەكان دەرماڵەی جوگرافی لە فەرمانبەران بڕدراوە و بۆیان خەرج ناكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی بە (باس)ی راگەیاند هەر فەرمانگەیەك ئۆتۆمبێلی هەبێت بۆ هاتووچۆی فەرمانبەران دەرماڵەی جوگرافی بۆ خەرج ناكرێت، گوتی:"هەر فەرمانگەیەك ئۆتۆمبێلی هەبێت بۆ هاتووچۆی فەرمانبەران ئەوە دەرماڵەی بۆ خەرج ناكرێت، ئەوانەی دەرماڵەكەیان لێ بڕاوە بەم هۆكارە بووە".

روونیشی كردەوە، لە هەندێك فەرمانگە بەهۆی هەڵەی ژمێریاران بڕدراوە، ئەوانە دەتوانن راستەوخۆ لە گەنجینەكان وەربگرنەوە و فەرمانبەرانیش قەرەبۆ دەكرێنەوە.

بۆ دەرماڵەی جوگرافی مانگانە 60هەزار دینار بۆ ئەو كەسانە خەرج دەكرێت كە لە شوێنە زۆر دوورەكان كار دەكەن،50 هەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە كە لە لادێكان كار دەكەن، و 40 هەزار دینار بۆ ئەوانەیە كە لە سەنتەری ناحیەكان كار دەكەن، 30 هەزار دیناریش بۆ ئەوانەی لە سەنتەری قەزاكان كار دەكەن، 20 هەزار دیناریش بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە كە لە نێو شار كار دەكەن.

وەزارەتی دارایی رێنمایی ژمارەی (10)ی لە 17ی3ی 2013دەركردووە و ئاراستەی گشت وەزارەت ‌و فەرمانگەكانی كردوە و كۆپیەكی ئەو رێنماییەش دەست (باس) كەوتووە ئەوەی تیادا خراوەتەروو ئەو فەرمانگانەی كە لەلایەن حكومەتەوە ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەیان دابین كراوە یاخود ئۆتۆمبێلی كرێیان بۆ گیراوە، دەرماڵەی شوێنی جوگرافیان لێ دەبڕدرێت، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەركی خۆی هاتووچۆ بكات دەرماڵەكەی بۆ خەرج دەكرێت.

وەزارەتی دارایی، لە3ی2ی 2019 دووپاتی ئەوەی كردۆتەوە بە مەبەستی خەرجكردنی دەرماڵەی شوێنی جوگرافی كار بە ڕێنمایی ژمارە 10ی ساڵی 2013 بكرێت، كە هەر فەرمانگەیەك ئۆتۆمبێلی بۆ بەكرێ‌ گیراوە یان ئۆتۆمبێلی میرییان هەیە بۆ گواستنەوەی فەرمانبەرانیان، دەرماڵەی شوێنی جوگرافی نابێت خەرج بكرێت بۆ هیچ فەرمانبەرێك.

عوسمان ساڵح، بەرێوەبەری گەنجینەی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ (باس) ئەوەی راگەیاند بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی جوگرافی رێنمایی هەیە و بەپێی رێنمایی خەرج دەكرێت، گوتیشی:" ئەو فەرمانبەرانەی بە ئۆتۆمبێلی حكوومی هاتوچۆ دەكەن یان ئۆتۆمبێلیان بۆبەكرێ گیراوە دەرماڵەكەیان بۆ خەرج ناكرێت، ئەوانەی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان یان لەسەر ئەركی خۆیان هاتووچۆ دەكەن بۆیان خەرج دەكرێت".

روونی كردەوە هەر رێنماییەك لایەن وەزارەتی دارایی دەركرابێت گەنجینەكانیش ئەو رێنماییە وەكو خۆی جێبەجێ بكەن، گوتی:" ئەگەر ژمێریاری وەزارەتێك یان فەرمانگەیەك بە هەڵە دەرماڵی جوگرافی بڕیبێـ ئەوە دەبێت ئەو فەرمانبەرانە قەرەبۆ بكرێنەوە".