ئەبوبەكر هەڵەدنی: دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم بووەتە نەریت

09/07/2019 - 13:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە كوردستان دواخستنی هەڵبژاردنەكان بووەتە نەریت و هەموو خولەكانی پەرلەمانیش درێژكراونەتەوە .


ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە كوردیوی ڕایگەیاند : ئێمە نامانەوێت دواخستنی هەڵبژاردنەكان بێتە نەریت ، هەر بۆیە دەنگمان بە كۆی پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نەدا .


ئەوەشی خستەڕوو: ئێستا دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە كوردستان بووەتە نەریت ، چوار خولی پەرلەمان هەبووە و هەر چوار خولیش درێژكراونەتەوە ، دوو خولی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەردوو خول درێژكراونەتەوە ، یەك جاریش هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئەنجامدراون .


ئاماژەی بەوەشكرد: لە پێناوی ئەوەی ئەنجومەنەكان نەسپێرین بە ئایندەیەكی نادیار و دواخستنی هەڵبژاردنیش لە كوردستان نەبن بە نەریت ، پێمان وابوو نابێت لە یەك ساڵ زیاتر تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگان زیاتر درێژنەكرێتەوە .


ئەو ئەندام پەرلەمانە ووتیشی: هەڵبژاردنی كەسێك بە پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان ، بازدانە بەسەر دیموكراسی و پاشەكشێیە لە دیموكراتی ، لەم رێگەیە پارێزگارێك هەڵدەبژێردرێت كە بە ئەجێندانی حزب ئیش دەكات ، نەك بە خواستی خەڵك و ئەندامانی ئەنجومەن كە هەڵبژێردراوی خەڵكن .