پارەیەكی زۆر لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی كوردستان

10/07/2019 - 09:54 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە بەشێك لە پارەی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران گەیشتە ھەرێمی كوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق، كە وێنەی دراوە بە (كورديو) د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، كە بڕی‌ 15 ملیار دینار وەكو بەشێك لە پارەی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران گەیشتۆتە ھەرێمی كوردستان و دەست دەكرێت بە دابەشكردنی.

حەداد وتیشی، “بەردەوام دەبێت لەهەوڵەكانی بۆ خەرج كردنی تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵەكانی (۲٠۱٤ ـ۲٠۱٥ ـ۲٠۱٦ـ ۲٠۱۷ـ ۲٠۱۸)و پارەی قەرەبووی لافاو و زەرەر و زیانەكانی هەرێمی كوردستان”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا حكومەتی عیراق پارەیەكی زۆری جووتیارانی هەرێم قەرزدارە و سەرەڕای بڕیاری دادگا بۆ خەرجكردنی ئەو پارەیە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەت پابەند نەبووە و پارەكە بۆ جووتیاران خەرج نەكراوە.