سلێمانی... هەوڵی رێكخستنەوەی سیستمی هاتووچۆ دەدرێت

10/07/2019 - 15:20 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەمەبەستی زیاتر رێكخستنەوەی سیستمی هاتووچۆ لە شاری سلێمانی و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، چەند گۆڕانكاریەك لە شێوازی رێكخستنەوەی شەقامە سەرەكییەكاندا دەكرێت و هەوڵی توندكردنی سزاكانی هاتووچۆ دەدرێت.



ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەئامادەبونی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ رێكخستنەوەی سیستمی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.



لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: مەبەست لە پێداچونەوە و گۆڕانكارییەكان لە سیستمی هاتوچۆی پارێزگاكە كارئاسانییە بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و ئەوەی پێویست بێت بۆ رێكخستنی سیستمی هاتووچۆ لە سلێمانی هەنگاوی پێویستی بۆ دەنرێت و لەرێگەی تیمەكانی هاتوچۆوە ئەو پێشنیار و گۆڕانكاریانە جێبەجێ دەكرێت كە لە كۆبوونەوەكەدا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە دراوە.



لە بەشێكی تری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا عەمید فەرەیدوون عومەر بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: لەرابردوودا كاری زۆر گرنگ كراوە بۆ رێكخستنەوەی شەقام و رێگەو بانەكان و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ، بەپێی ئاماری هاتووچۆی سلێمانیش ئاماری قوربانیانی هاتوچۆ لە شەشەمانگی رابردوودا بەبەراورد بە ساڵی رابردوو ئامارەكە بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

 

بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بۆ سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و زیاتر كەمكردنەوەی ئاماری قوربانیان و رێكخستنی سیستمی هاتووچۆ سزاكان توندتر دەكەن و رێگری تەواو لە هەموو جۆرەكانی سەرپێچی دەكەن كاری پێویستیش دەكەن بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی لە شەقام و رێگەسەرەكییەكاندا.