دوو دز دەستگیر كران

11/07/2019 - 14:34 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لە راگەیاندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی دوو كەسی لەسەر دزینی جانتای ئافرەتان لە عەنكاوە، راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەراگەیاندراوەكەیدا ئاشكرای كردوە، دوای ئەوەی پۆلیس ئاگاداركرانەوە لە بوونی روداوی دزیكردن لە ناوچەی عەنكاوە، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردەوە و توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرابكات و دەستگیریان بكات.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، تۆمەتبارەكان تەمەنیان (16 و 24) ساڵە و دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە و رایانگەیاندوە جانتای ئافرەتانیان دزیوە و كەلوپەلی نێو جانتاكانیش بریتیبوون لە بڕێكی زۆر پارە و (4 ) مۆبایل و (6 ) تاك بازنی ئاڵتون.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبارەكان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخراوەو رەوانەی بەردەم دادوەر كراون و بڕیاردراوە بە بەندكردنیان.