پەرلەمانتارێك نهێنیەك ئاشكرا دەكات و بزانە بری چەند نەوتی سپی بۆهەولێرهاتوە، بەڵام دابەش نەكراوە

14/07/2019 - 14:33 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی ئەنجومەنی عێراق ئاشكرای دەكات ، لەساڵی رابردوو دا دەیان ملیۆن لیتر سوتەمەنی لە بەغداوە بۆ هەرێم رەوانە كراوە ، بەڵام بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەكراوە.

غالب محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : لە ساڵی (2018) رابردوودا (44) ملیۆن و (961) هەزار لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی هاتووە و دەبوو نیوەی پارێزگای سلێمانی وەریبگرێت، بەڵام زۆربەی هاوڵاتییان نەوتیان وەرنەگرتووە و لەو بڕە تەنها (27) ملیۆن لیتری دابەشكراوە.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هەر لە ساڵی رابردوودا بەغدا (29) ملیۆن و (628) لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگای هەولێر ناردووە، بەڵام دابەشنەكراوە بەسەر هاوڵاتییانی شارەكە، جگە لە نەوتی سپی، بەناوی كۆچبەرانەوە دەیان ملیۆن لیتر بەنزین و گاز بە ناوی كۆچبەرانەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێم نێردراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانیان نوسینگەی كۆچبەران ئەو بەنزینەیان بۆ نەچووە و لەڕێگەی پارێزگاكانەوە دراوە بە دامودەزگاكانی حكومەت.

ئەندامەكەی لیژنەی ووزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشكرا كردوە، حكومەت نەوتەكەی هەرزانفرۆش دەكات و ئەو سوتەمەنییەشی لە بەغداوە دێت نایداتە هاوڵاتییان و مۆلیدە ئەهلییەكانیش لەدەرەوە سوتەمەنی دەكڕن، كە ئەوەش دەبێتە بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان.