گشت فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست ناكرێن به‌ هه‌میشه‌یی

14/07/2019 - 15:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 
 
بڕیاروایه‌ دوای دەستبەكاربوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری و پەسەندكردنی بوجە، لەبری هەر فەرمانبەرێك كە خانەنشین دەبێت، گرێبەستێك دەكرێتە هەمیشەیی.
 
ئەرجومەن تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لەوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم راگەیاند: بەدڵنیاییەوە كابینەی نوێی حكومەت بەرنامەیەكی دەبێت بۆ دامەزراندنی گرێبەستەكان، لەماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا وەزیری نوێی شارەوانی دەستبەكار دەبێت و ئەو بابەتەی لەگەڵدا باس دەكەین.
 
وتیشی: "وەكو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، زیاتر لە 14 هەزار كارمەندی گرێبەستمان هەیە، بەڵام حكومەت ئەو توانایەی نییە هەموو ئەو ژمارەیە بكات بەهەمیشەیی، پێموایە لەدوای پەسەندكردنی بودجە، رێنمایی دەردەچێت بۆئەوەی هەركەسێك خانەنشین بوو، گرێبەستێك لەشوێنەكەی دابمەزرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لەوەزارەتی شارەوانی بۆ سایتی سلێمانی زیاتر وتی "ناكرێت هەموو ئەوانەی گرێبەستن بكرێن بەهەمیشەیی، رەنگە خاوەن بڕوانامەیەك بتوانرێت زیاتر سودی لێوەرگیرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەروەك ساڵانی رابردوو لەبری دانان مەرج و رێنمایی خۆی دەبێت."