لەسنووری نێوان توركیاو یۆنان 17 كۆچبەری كورد دەستگیركران

16/07/2019 - 10:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنیـَت: چەند گەنجێكی كۆچبەری كورد لە سنوری نێوان توركیا-یۆنان دەستگیركران و نوێنەری دەزگای لوتكە لە هەوڵی ئازادكردنیاندایە.


دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە، ڕایگەیاند: ئێوارەی دوێنێ 15ی حوزەیران، نوێنەری دەزگای لوتكە لە وڵاتی توركیا پێی راگەیاندین كە 17 كۆچبەری كورد كە سەرجەمیان كوردن و خەڵكی شارۆچكەی رانیەن، لەكاتێكدا ویستوویانە سنورەكانی توركیا تێیەڕێنن و خۆیان بگەیەنە وڵاتی یۆنان، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستبەسەركراون.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لە كاتێكدا سێ لەو كۆچبەرانە لەكاتی دەستگیركردنیاندا توانیویانە خۆیان دەربازبكەن و لەدەست پۆلیس هەڵبێن.


ئاماژەی بەوەشكرد: بریارە لە ئەمڕۆوە نوێنەری دەزگامان سەردانی ئەو 14 كۆچبەرە بكات و كارئاسانی و هاوكاری پێویستیان پێشكەشبكات تاوەكو هەرچی زووە مامەڵە یاسایەكانیان بۆ تەواوبكرێت و رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێنەوە.


لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: لە لایەكی ترەوە هەر لە وڵاتی توركیاو دوای ئەوەی لە فرۆكەخانە بۆیان دەردەكەوێت ڤیزای ساختە بە پاسپۆرتەكەوەیەتی، ژنێكی عەرەب بە ناوی (فاتمە م) دەستبەسەر دەكرێت و رەوانەی زیندان دەكرێت، پاش بیستنی هەواڵەكە نوێنەری دەزگامان بەدوای ئەم دۆسێەشدا چووەو بریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رەوانەی عێراق بكرێتەوە.