سێ كادیری یەكێتی داوایەك لە كۆسرەت رەسول دەكەن

16/07/2019 - 16:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سێ کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر بنەمای ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان، داوا لە جێگری سکرتێری گشتیی حزبەکەیان دەکەن، پلەکانیان بۆ ئەندامێتیی سەرکردایەتی بەرزیان بکاتەوە.

هەریەک لە چەتۆ ساڵح سەعید، پۆڵا سیروان تاڵەبانی و  مەحموود قەرەداخی لە نامەیەکدا داوایان لە کۆسرەت رەسول عەلی کردووە کە بەپێی دەنگەکانیان بیانخەنە شوێنی ئەو ئەندامانەی کە لە سەرکردایەتی نەماون.

بەگوێرەی  ماددەی (29)  لە پەیڕەوی ناوخۆی پەسندکراوی کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە (55)  ئەندام پێکدێت، بەڵام بەهۆی رۆشتنی هەریەک لە عارف رووشدی و ئازاد جوندیانی، لێسەندنەوەی متمانە لە نەجمەدین کەریم، هەروەها کۆچی دوایی وەسفەییە بەنی وەیس، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بووە بە (51) ئەندام.

بەگوێرەی زانیاریەكان دەنگی ئەم سێ كادیرەی یەكێتی لە كۆنگرەی سێەم بەم شێوەیە بوو ، مەحموود قەرەداخی (393) ، پۆڵا سیروان تاڵەبانی (386)  دەنگ و چەتۆ ساڵح (377) دەنگ.

 

ئەلبوومی وێنەکان