فراكسیۆنی یەكێتی : لە دوا ساتەكان پارتی پاشگەز دەبێتەوە

23/07/2019 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای ئەوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند كرا و فراكسیۆنی پارتی چونە دەرەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاشكرای دەكات لە دوا ساتەكان پارتی پاشگەز بویەوە .
جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەئەنجومەنی نوینەرانی عیراق ڕایگەیاند: هەڵوێستەكەی فراكسیۆنی پارتی هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە چەند مانگێكە پێكهاتەكان لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دانوستانی تەواویان كردوەو گەیشتونەتە چەند بڕیارێك، پارتیش تێیدا بەشداربوەو وەك یەكێك لەگەورەترین كوتلەكانی ناو پەرلەمان ڕازیبون لەسەر هەموو بڕگەكان تا گەیشتە كاتی دەنگدان.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرۆكی لیژنەی یاسایی كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتیە، هاتە ناو پەرلەمانەوەو لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی كە دران لەنێوان پێكهاتەكان، گەیشتنە جۆرێك لەڕێكەوتن لەسەر مادەی 35ی یاساكە، بەڵام لەدوا ساتەكاندا فراكسیۆنی پارتی پاشگەزبونەوە بەبێئەوەی لەگەڵ ئێمە دانوستان بكەن یان ڕونكردنەوە بدەن، بەشێوەیەكی گشتیش هەر یاسایەك كە دەردەچێت ڕەخنەی لەسەرەو بەدڵی هەموان نییە، بەڵام سەرجەم پێكهاتەكان لەسەر ئەو دەقەی تایبەت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕازیبون و هیچ فراكسیۆنێكیش نەچۆتە دەرەوە، جگە لەبەشێك لەئەندامانی فراكسیۆنی پارتی.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی ئاشكرا كردوە،بەو شێوازەی ئێستا هەیە توانای فراكسیۆنە كوردیەكان خراوەتەكار كە بەو شێوەیە یاساكە پەسەندبكرێت، لەم قۆناغەشدا لەمە باشتر نەدەكراو بەدەستنەدەهات، ئەگەر هێزە كوردیەكانیش مەبەستیانەو بەرژەوەندی خۆیانیان وەكو حزب ناوێت دەبێت ڕیزەكانی خۆیان یەكبخەنەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە ئامادەبكەن لەو وادەی دیاریكراوە.
دەربارەی چونە دەرەوەی ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتیش لەكاتی دەنگدان بەیاساكە سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبە بەتۆری هەواڵی سلێمانی راگەیاند:یەك دوو پەرلەمانتارمان تێبینیان لەسەر هەبوە، لەدڵسۆزی خۆیان، لەدواساتەكاندا ئەو تەشویشەی دروستبوو وایكرد ڕیزەكان تێكبدات، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی دروستناكات، ئەوانەش كە چونەتە دەرەوە ئاساییە.